رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی هاواری سنووری پارێزگای هەڵەبجە چوارەمین رێوڕەسمی ماستی قەڵاتێی کاکەییەکان بەڕێوەچوو. ئەو رێوڕەسمە بۆنەیەکی ئایینیی کاکەییەکانە و بەناوی رۆژی بەخشینە، کە تێیدا هەموو ئەو خۆراک و خواردنەوانەی ئامادە دەکرێن دەیبەخشن.
ئەميرە فەتاح، بەشداربووی رێوڕەسمەکە بە رووداوی گوت، "ئەم رێوڕەسمە، رێوڕەسمێکی دینیی خۆمانە. چەندین ساڵ لەمەوپێش کراوە، بەڵام چوار ساڵە خۆمان دەيکەینەوە. ئەو کەسە ئاژەڵدار بووە، ئەو رۆژە کەڕاندەر چووە و هەرچی شیری بووە، دارێکمان هەبووە پێمان گوتووە داری قەڵاتێ، ماستەکەمان بردووە لەبنی ئەو دارە بەخشيومانە."
کاکەيیەکان لەم بۆنەيەدا جەختيان لەسەر پێکەوەژيانی پێکهاتەکانی ديکەش کردووەتەوە و بەشێک لە موسڵمانانی ناوچەکەش بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکەن.
ئاکۆ شاوەيس، کاکەییە و دەڵێت، "بەخشين لە بنەما ئایينيیەکانی يارسانە و لە ئایينەکانی دیکەش دووبارە بووەتەوە، دەمانەوێت ئەو کولتوورە نەمرێت و هەموو ساڵێک دووبارەبێتەوە و هەر کەسێک بەهەر شتێک بەشداری بکات. برا موسڵمانەکانيشمان ئەمساڵ بانگێشت کردووە، کاکەیيەکانە دەیانەوێت رێوڕەسمەکانیان بە هاوبەشی و پێکەوەژيان لەگەڵ برا موسڵمانەکان هەموو ساڵێک دووبارە بکەنەوە."
ئەیوب هەورامی، موسڵمانە و بەشداربووی رێوڕەسمەکە بوو، دەڵێت، "ئەمانە ئەگەرچی دينەکەيان جياوازە، بەڵام دەبێت لەگەڵيان بژين، شتيان حەرام نیيە و حەڵاڵە، خەڵکێکن بەڕاستی لە ناوجەرگەی ژيانی ئێمەن، ئەم پێکەوەژيانە لەڕووی سياسیيەوە، لەڕووی کولتوورەوە بە شێوەيەکی گشتی تەنانەت سياسەتيش لای ئێمە بەرجەستە بووە، ئەو پێکەوەژيانە رەنگدانەوەی خۆی هەبووە، خەڵک نەیتوانيوە ئازاری بەرامبەرەکەی بدات ئەرچی نەياريش بووبێت. هەرئەوەش وایکردووە گيانێکی تەبایی و خۆشەويستی لەم ناوچەيەدا بەرجەستە بێت."
رێوڕەسمی قەڵاتێ بۆنەيەکی دێرينی کاکەيیەکانی ناوچەی هەورامانی لهۆنە لە پارێزگای هەڵەبجە، بە گوتەی کاکەيیەکان؛ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە ئەرکە و دەبێ خەڵک بەشداری تێدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ