ململانێی هەڵبژاردن لە شرنەخ بەردەوامە؛ حەوت کەس بریندار بوون

12-04-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، جارێكی دیکە شەڕ لەنێوان بنەماڵە سەرکەوتوو و دۆڕاوەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دروستبوو و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پینجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، لە گەڕەکی "شەهید هاروون بۆی" لە شارۆچكەی سلۆپی روویدا.
 
نادر تۆسوون بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلۆپی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مۆڵەتی دەستبەکاربوونی پێدرا، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.  
 
ئێوارەی دوێنێ بۆ جاری دووەم گرژی لە نێوان کەسوکاری نادر تۆسوون بەربژێرەکەی ئاکپارتی و نیهاد یغیت، بەربژێری پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ سەریهەڵدایەوە و بە دار و بەرد چوون بەگژیەک دا، لە شەڕەکەدا چوار کەس بریندار بوون.
 
تیمی تەندروستی و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و لەوێ گرووپێک هێرشیان کردە سەر تیمی تەندروستی. لە ئەنجامدا سێ کارمەندی تەندروستی بریندار بوون و ئەمبولانسەکەشیان زیانی پێگەیشت. دواتر پۆلیس چەند کەسێکی دەستگیرکرد.
 
بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە سلۆپی. بە گوێرەی زانیارییەکان تەندروستییان باشە.
 
رۆژی حەوتی نیسانیش شەڕ و پێکدادان لە نێوان کەسوکاری ئەو دوو بەربژێرە روویدا و لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون، 11 کەسیش کە لە شەڕەکەدا تێوەگلابوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە