نوێنەرێکی پێكهاتەی تورکمان بۆ نوێنەری یونامی: نیگەرانین لە پێشنیازەکەتان لەبارەی فرەبازنەیی بۆ پێکهاتەکان

12-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی نوێنەری یونامی دوو پێشنیازی ئاراستەی پارتی و یەکێتی کرد لەبارەی کۆرسی پێکهاتەکان کە یەکێکیان فرەبازنەییە؛ جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی دەڵێت: "پێشنیازەکەیان نیگەرانی کردووین و ئەوە دەستوەردانە لەکاروباری ئێمە و ئەستەمە رەزامەند بین." 
 
رۆژی 9ی ئەم مانگە نوێنەری یونامی وەڵامی یەکێتی و پارتی دایەوە لەبارەی بۆچوونیان سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکان و پێ راگەیاندن، ئەوان دوو پێشنیازیان هەیە. یەکەم، هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت؛ دووەمیش ئەوەیە کە هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی بێت. 
 
لەو بارەوە، رۆژی چوارشەممە 12-04-2023، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نیگەرانین لە پێشنیازی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یەکێتی و پارتی، چونکە دەبوو ئاراستەی خاوەنی دۆسیەکە بکرێت کە ئەویش پێکهاتەکانە (تورکمان، سریان، ئاشوور، کلدان). دەبووایە بۆچوونی ئێمە وەربگرن و دواتر بۆ جێگیرکردنی ئەو پێشنیازە لەنێو هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دەکرا پێشنیازەکە ئاراستەی پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانە بکرێت کە بەشدارن لە پەرلەمان."
 
جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی دەشڵێت: "ئەستەمە رازی بین، چونکە ئەوە دەستوەردانە لە کاری ئێمە."
 
کورسیی پێکهاتەکان 11 کورسییە لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان. بەگوتەی مونا قەهوەچی، رێگەنادەن هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی لەبری ئەوان بڕیار بدات و دەڵێت: "پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەبارەی شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن."
 
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن رۆژی 5ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداری کرد و هەر ئەو کات بڕیاریدا پێشنیازیان خۆی لەبارەی شێوازی بەشداری پێکهاتەکان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی یەکێتی و پارتی بکات. 
 
ناکۆکییەکان لە کاتێکدان، رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە