کۆمەڵێک رێنوێنی بۆ بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەردەکرێن

12-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک رێنوێنی بۆ بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەردەکرێن و لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایش دەڵێت، "رێنوێنییەکان بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی دۆلارەکەن، لەسەر داوای نووسینگەکانی حەواڵە کراون بۆئەوەی فێڵ لە کەس نەکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 12-02-2024 سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی ‏كوردستان - سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بازاڕی دۆلارەکە جیاوازی دەکرا لەنێوان چاپی کۆن و نوێی 100 دۆلاری. بۆ نموونە، ئەوانەی چاپی نوێ بوون، بە نرخی ئەمڕۆی بازاڕ دەفرۆشران، بەڵام ئەوانەی چاپی کۆن بوون بە کەمتر دەفرۆشران، لە کاتێکدا ئەوە قەدەخەیە و دەبێت وەکو یەک مامەڵەی پێوە بکرێت؛ بۆیە هەر کەسێک مامەڵەی جیاواز بەو دوو جۆرە چاپەوە بکات سزا دەدرێت."
 
بە گوتەی لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی کوردستان - سلێمانی، ئەوان چەندین کەسیان بە هۆکاری جیاواز لەسەر ئەو مامەڵەیە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەستگیر کردووە. دەشڵێت، "دەبێت لەمەودوا هەر کەسێک حەواڵەی هەیە، هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی پێ بێت؛ کۆپیکراو قبووڵ ناکرێت. ئەگەر ئەو کەسەی حەواڵەی هەیە، ئامادە نەبوو، ئەوە دەکرێت لە رێگەی بریکارەکەیەوە کارەکانی بکات، بە مەرجێک هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی پێ بێت."
 
لە بەشێک لە بازاڕەکەی دۆلارفرۆشان، مامەڵەی لەو جۆرە دەکرێت کە کڕیار و فرۆشیار لەسەر نرخێکی پێشوەختە رێکدەکەون؛ بۆ نموونە، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 152 هەزار دینارە، بەڵام مامەڵەکاران لەسەر بنەمای پێشبینیی خۆیان بۆ چەندین کاژێر مامەڵەی کڕین و فرۆشتن دەکەن.
 
سەلام عەبدولخالق دەڵێت، "لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی مامەڵەی لەو جۆرە هەوایی هەبووە؛ لەو رێگەیەوە پارەی چەندین کەس خوراوە؛ بۆیە لەسەر داوای دۆلارفرۆشان و نووسینگەکانی حەواڵە ئەو جۆرە مامەڵەیە قەدەخەکراوە و هەرکەسێک پشت بەو مامەڵەیە ببەستێت ئەوە سزادەدرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
 
هەرچی پەیوەندیی بە مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەیە، سەلام عەبدولخالق لەبارەیەوە دەڵێت، "مامەڵەکردن بە دراوە ئەلکترۆنییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. خەڵک هەبووە سکاڵای هەبووە کە لە رێگەی دراوە ئەلکترۆنییەکانەوە پارەی لێ براوە."
 
لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی کوردستان - سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو رێنوێنییانەی دەرکراون بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک فێڵی لێنەکرێت و بازاڕی دۆلارەکە زیاتر رێکبخرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.