رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لە 10 رۆژی یەکەمی ئەم ساڵدا 677 کۆچبەر و 24 قاچاخچی دەستگیرکراون.
لە تورکیا و باکووری کوردستان لەم دواییانەدا گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەران زیادیانکردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیاش بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.
پارێزگای وان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکەدا لە رۆژانی 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 10ی کانوونی دووەمی 2024 کۆی گشتی 677 کۆچبەر دەستگیرکراون.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا 24 کەس بە تۆمەتی "قاچاخچێتیی بە کۆچبەران" دەستگیرکراون و 11یان بە فەرمانی دادگە خراونەتە زیندانەوە، هەروەها 677 کۆچبەر دەستگیرکراون و رادەستی ناوەندی کۆچ و کۆچبەرانی وان کراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە، کە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەکارهێنراون.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ