رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگ و شارۆچكەی بێشەباب سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەهۆی بەفربارین و سەرما و سۆڵە، لە ناوەندەکانی خوێندن کرایە پشوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی جۆلەمێرگ بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بارینی بەفرێكی زۆر قوتابخانەکان داخراون.
لەلایەکی دیکەوە شارەوانیی شرنەخ لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیال میدیا رایگەیاندووە، بارودۆخی خراپی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە و بەهۆی بارینی بەفر و بەستنی رێگەکان، رۆژی هەینی قوتابخانەکان ناکرێنەوە، هەروەها کارمەندانی کەمئەندام و دووگیان و ئەوانەش کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵە ناچنە سەر کار و بە مۆڵەتی کارگێڕی بۆیان هەژمار دەکرێت.
بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و بەستنی رێگەکان، هۆشداری بە هاووڵاتییان دراوە بەتایبەتی شوفێرانی بارهەڵگر، نەچنە دەرەوە و رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن. جگە لەو شارانە، لە هەریەکە لە ئەردەخان، قەرس و دێرسیمی باکووری کوردستانیش بەفرێکی زۆر باریوە.
لە باری ئاساییدا، لە باکووری کودستان و تورکیا رۆژانی شەممە و یەکشەممە پشووە و رۆژانی هەینی دەوامی فەرمییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ