رووداو دیجیتاڵ
لە دوای پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیهـ، وان، مێردین، بەدلیس، جۆلەمێرگ، لە مووش و شرنەخی باکووری کوردستانیش خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا.
لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا کە رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەم لەلایەن پارێزگاکانی مووش و شرنەخ بڵاوکراونەتەوە، لە کاژێر 00:01ـی رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەم تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو دوو پارێزگایەدا قەدەخە کراوە.
ئاماژە بەوەدراوە، لەوانەیە لە چوارچێوەی بانگەوازەکانی پەکەکە دا "چالاکیی تێکدەرانە و چالاکی دیکە دژی یەکێتیی نیشتمانی" بکرێت، ئەوەش لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئاسایش و ئارامی خەڵک تێکدەدات.
بێجگە لەو دوو پارێزگایە، لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەمەوە بە هەمان پاساو لە پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیهـ، وان، مێردین، بەدلیس و جۆلەمێرگ بۆ ماوەی پێنج رۆژ سەرجەم چالاکییەکانی وەک رێپێوانی جەماوەری، گردبوونەوە، دانانی ستاند، هەڵدانی خێوەت، هەڵواسینی لافیتە و رێکخستنی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراون.
دەم پارتی بڕیاری داوە لە 13ـی ئەم مانگەدا لە ئامەد گردبوونەوەیەک رێکبخات و دەڵێت، تێیدا تیشک بخاتە سەر "پرسی کورد و دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە".
بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە ئامادەکاری کردووە و خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریی لە گردبوونەوەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ