رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام وردەکاری تێدا نییە، تەنیا ئاماژە بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمان کراوە. دەشڵێت، هەڵبژاردن پەیوەندی بە رێککەوتنی نێوان حیزبەکانەوە هەیە و "دەبێت لەبارەی رۆژی هەڵبژاردن رێکبکەون، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی دەبێت رازی بن."
رۆژی چوارشەممە، 11-10-2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بەوەنەکردووە کە وردەکاریی ئەو بڕیارە چییە، تەنیا ئاماژەی بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمان کردووە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، تائێستا هیچ بڕیارێکیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدەست نەگەیشتووە لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق و دەڵێت، "چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. پێشبینی دەکەم ئەنجوومەنی وەزیران لەوبارەوە کۆبوونەوەیەکی هەبێت و هەر بڕیارێک بدەن ئێمە پابەند دەبین، ئەگەر بڵێن کارەکانی خۆتان بکەن ئەوە کاری خۆمان دەکەین و ئەگەر بڵێن دەستلەکاربکشێنەوە ئەوە جێبەجێ دەکەین."
عەلی رەشید دەڵێت، 10 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە، ئەوەش زۆر زۆرە، بۆیە وەکو ئەنجوومەن بۆچوونی خۆیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە کە پێیان باشە بڕیارێک لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بدرێت، چونکە کاتی ئەوە هاتووە.
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، "هەڵبژاردن کێشەی حیزبایەتی تێدایە، پەیوەندی بە رێککەوتنی نێوان حیزبەکانەوە هەیە و دەبێت لەبارەی رۆژی هەڵبژاردن رێکبکەون، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی دەبێت رازی بن. ئەوەش هەندێک کێشەی تێدایە؛ بۆیە تائێستا نەکراوە."
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە نادەستووری لە قەڵەم دا؛ یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت، ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا.
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، دەبووایە دوای چوارساڵ لە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام نەتوانرا لەو کاتەدا بەڕێوەبچێت و بە بڕیارێكی پەرلەمانی کوردستان ئەنجوومەنەکان درێژکرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ