رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانیان پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە شەش ملیۆن و 556 هەزار کە زیاتر لە سێ ملیۆن و 296 هەزار نێر و سێ ملیۆن و 260 هەزار مێن.
رۆژی سێشەممە، 11-07-2023 کە بە رۆژی دانیشتووان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکراوە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئاماری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نەبوونی سەرژمێری لە عێراق بۆ 36 ساڵ، کەلێنێکی گەورەی خستووەتە سەرچاوەی گرنگی داتاکانی پلانەکان لەبەرنەبوونی نیشاندەرەکانی دیموگرافی بە وردەکاریەکانییەوە، بۆیە دەستەی ئامار دەبووایە رێگەی دیکە بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئەو داتایانە بە بەکارهێنانی بەرنامەی ناڕاستەوخۆی خەملاندنی ژمارەی دانیشتووان."
بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 کەس لە رەگەزی نێر و سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 لە رەگەزی مێن. هەر بەپێی ئامارەکە: "78.4٪ـی دانیشتووان شارنشین و 21.6٪ـی گوندشینن." هەروەها گەشەی دانیشتووان بۆ 2023 بە 2٪ خەمڵێندراوە.
لەبارەی ژمارەی ئاوارەکان و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەستەی ئامار پشتی بە ئاماری رێكخراوى نێودەوڵەتی کۆچ IOM بەستووە، کە ژمارەى كەسانى ئاوارەى ناوخۆ له عێراق لە ناوەراستی 2022 گەيشتووەتە 1.18 ملیۆن کەس کە پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاوارە ناوخۆییەکان نزیکەی 694 کەسن واتا 52.6٪ـی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت: زۆرترین ژمارەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان دانیشتووی پارێزگای دهۆکن دواتر پارێزگاکانی دیکە کە پلەبەندییەکە بەمشێوەیە؛ دهۆک 320 هەزار کەس، هەولێر 233 هەزار کەس و سلێمانی 142 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ