رووداو - گەرمیان
پێشمەرگەیەکی خانەنشینی هێزەکانی 70 دوای ئەوەی پێی گوتراوە "مووچەت پێنادرێت،" چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و دەڵێت، کرێچییە و دوو مانگە نە کرێی خانووی داوە و نە کرێی موەلیدە.
رەزوان حوسێن، خانەنشینی هێزەکانی 70 لە بەرەبەیانەوە لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە وەستاوە، ئەو خەڵکی شارۆچکەی رزگارییە لە گەرمیان و زیاتر لە 60 رۆژە مووچەی وەرنەگرتووە، دەڵێت، "جەماعەت لە کاژێر 01:00ـەوە هاتوون، من لە کاژێر 05:00ـەوە هاتووم. خوا وەکیلە دوو مانگە کرێی خانووم نەداوە، دوو مانگە کرێی موەلیدەم نەداوە. خوا قبووڵ دەکات؟ ئەمە کەی ژیانە؟ ئەمە ژیانە؟!"
بەڕێوەبەری بانکی شێروانە بە رووداوی گوت، فەرمانیان پێکراوە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان راگرن، چونکە پارەیان بۆ خەرج نەکراوە، ئەوانەشی لای ئەوان مووچەیان وەرگرتووە دیار نییە لێیان وەردەگیرێتەوە یاخود نا.
لە بانکی شێروانەی کەلار سێشەممە 11-06-2024 تاوەکو کاژێر 11:00 مووچەی هێزەکانی 70 و پێشمەرگەی ئەیلوول دابەشکرا، بەڵام دواتر راگیرا و زۆرینەی خانەنشینان مووچەیان وەرنەگرت، کە ژمارەیان 2200 کەسە.
محەممەد مەحموود، خانەنشین گوتی، "دوو مانگ زیاترە مووچەم وەرنەگرتووە، خانەنشین گشتی داماو و فەقیرە، پارەمان هەبێت بۆ دێین بۆ ئێرە؟!"
نووری حوسێن، خانەنشین ئاماژەی بەوە کرد، "لە کاژێر 04:00ی بەیانییەوە هاتووین، تائێستا مووچەمان پێنەدراوە. بە چی بژین؟ ئیش نەماوە، کاسپی نییە، نە ژیانمان هەیە، نە خەومان هەیە؛ نازانیین بچین بۆ لای کێ؟ هانا ببەین بۆ کوێ؟"
لە بانکی گەرمیانیش مووچەی خانەنشینانی وەزارەتی ناوخۆ دابەش نەکرا، ئەوەشی مووچەکەی وەرگرتبوو بە تەلەفۆن ئاگاداریان کردنەوەو مووچەکانیان لێ وەرگرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ