رووداو دیجیتاڵ
سبەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێشکردووە کە 11 هەزار و 382یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و 692 بۆ دکتۆرایە.
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سبەی دووشەممە 12ـی حوزەیران کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکان بەڕێوەدەچێت کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێشکردووە، 11 هەزار و 382یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و 692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و هەزار و 477یان بۆ دپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای تەوابوونی پرۆسەى تاقیکردنەوە، پڕۆسەى سیستمى خاڵبەندى و رێکخستنی پێشبرکێ لەنێوان پێشکێشکاران لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەت لە زانکۆکان دەکرێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسند دەکرێت و لەگەڵ داتای سەرجەم پێشکێشکاراندا رادەگەیێندرێت. پاشان دەرگەى سکاڵا و تانەگرتن دەکرێتەوە و هەموو سکاڵاکان بەهەند وەردەگیرێن و لەلایەن لیژنەی تایبەت لە زانکۆکان وردبینی دیراسەت دەکرێن بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.
د. ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا پیرۆزبایی لە پێشکێشکاران کرد و گوتی، پرۆسەى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر، دپلۆمى باڵا، یەکێکە لە "گرنگترین و گەورەترین پرۆژەى تواناسازی نیشتمانى لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، هەرکەسێک لە هەر ئاستێک کەمتەرخەمى یان دەستێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەکە بکات، رووبەڕووى سزاى کارگێڕى و یاسایى دەکرێتەوە."
وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوەکرد، چهندین رێوشوێن لەڕێگەى دەرچوواندنی فەرمانى وەزارى و گشتاندن و نووسراوى فەرمى بۆ زانکۆکان گیراوەتەبەر بە مەبەستی پهیڕهوكردنی شهفافیهت له پرۆسهی تاقیکردنەوەکان، بە نموونەی رێگهنهدان به ههڵهچنینی پەڕاوی تاقیكردنهوهکان له دهرهوهی حهرهمی زانكۆ، رێگەنەدان بە مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى تاقیکردنەوەى زانستى ئەگەر هاتوو پلەى خزمایەتى تاوەکو پلە (4) چوارى لەگەڵ پێشکێشکار هەبێت، هەروەها رێگە بە بردنە ژوورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و کاتژمێری زیرەک و هتد..).
وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە مامۆستایان و چاودێرانی هۆڵەکان و لیژنەى تاقیکردنەوەکان کرد، شێلگێرانە چاودێرى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە بکەن بۆ ئەوەى لە کەشێکى ئارامدا تاقیکردنەوەکان بەڕێوەبچن و گوتی: "بەهاوئاهەنگی زانكۆكان بۆ ئهمساڵی خوێندنی (2023-2024) گشت رێوشوێنێكی پێویست گیراوهتهبهر بۆ ئهوهی سێکوچکەى شهفافیهت، رەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری له پرۆسهی خوێندنی باڵا/ دپلۆمى باڵا، ماستهر و دكتۆرا له زانكۆكانی كوردستان رهنگبداتهوە و مافی هیچ پێشكێشكارێک نهفەوتێت، بەشێوەیەک پڕۆسهكه دوور بێت له ههموو دهستێوهردانێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ