رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا، سێ باندی فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردنیان دەستگیرکردوون.
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند، ئەوان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سێ باندی شەش کەسییان دەستگیرکردووە کە کاریان فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن و فریودانی خوێندکاران بووە لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگە کرانەوە و چەندین ئامێر و کەرەستەی قۆپیکردن دەستی بەسەردا گیرا کە ئەمانەن:
- ئامێری (بێسیم) بۆ پەیوەندیکردن، بە چەند شێوازێک کە لە پێڵاو و جلی ژێرەوەی پیاوان و ژناندا شاردرابوونەوە.
- بیستۆک (سەماعە)ـی قۆپیکردن.
- ماستەرکارتی قۆپیکردن.
- قەڵەم جافی قۆپیکردن.
- دروستکردنی پرسیارەکانی کۆتایی پۆلی 12 بە شێوەی ساختە بۆ فریودان.
تۆمەتباران پێکهاتوون لە (ئـ، ف، ح)، (ب، ع، س)، (ئـ، ن، ع)، (ئـ، ع، ح)، (ک، ئـ، م) و (ن، م، م) کە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 23 ساڵە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەڵێت، ئەو باندە ویستوویانە لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بە فرۆشتنی ئۆنلاین ئامێرەکانیان ساخبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ