سوودانی لە بارزانەوە جەخت لە 'هاوتەریبکردنی قسە و کردار' دەکاتەوە

11-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارزانەوە دەڵێت: "بە هەموو توانایێکمانەوە، ماندوونەناسانە و کۆڵنەدەرانە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لەدەستنەدەین کە لەسەر بناخەی قوربانیدان و نەهامەتیی گەلەکەمان و خەباتی پیاوەکانی بونیادنراوە." دەشڵێت، حکومەتەکەی لەسەر بنەمای "هاوتەریبکردنی قسە لەگەڵ کردار" کاردەکات. 

رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارزان ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بوو، کە خۆی لە مۆزەخانە و گەلەری و چەند بەشێکی دیکەی کولتووریدا دەبینێتەوە و مێژووی ئەزموونی سیاسی و خەباتی مستەفا بارزانی دەخاتەڕوو. 
 
بەو بۆنەیەوە، سوودانی لەبارەی بارزانەوە لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئەمڕۆ پێکەوە لە سەر زەویێک وەستاوین کە شایەتحاڵی مێژووی گەلێکە و بۆ چەندین دەیە بەرهەڵستیی ستەم و چەوساندنەوەی کردووە و جوانترین جۆرەکانی قوربانیدانی لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا پێشانداوە، بۆ ئەوەی لاپەڕەی مێژوویی گەورە لە خەباتی گەلی کوردیمان بەتایبەتی و گەلی عێراقیمان بە گشتی بنووسێتەوە."
 
سوودانی باسی لەوە کرد: "شەهیدانی گەلی کوردیمان و شەهیدانی تەواوی بزاڤی نیشتمانیی عێراقی ویستیان وڵاتێک بۆ نەوەکانیان بە میرات بهێڵنەوە کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی گەشە بکات و هاووڵاتیی بە رێزلێگیراوی، شکۆمەندی و سەربەرزییەوە تێیدا بژیت،" جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق "خەبات و قوربانیدان"ـی بزاڤی نیشتمانیی کوردی لە دەیەکانی سەدەی رابردوو و سەرکردایەتیی مستەفا بارزانیی لە دژی "ستەمکاران" و "خۆسەپێنیی بەعسی سەددامیی و تاوانەکانی" وەبیرهێنایەوە و گوتی، ئەوە "سەلماندی کە گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، گەلێکە بندەستی رەتدەکاتەوە و ستەم و چەوساندنەوە قبووڵ ناکات."
 
سوودانی لەبارەی باوکی سەرۆک بارزانی و باپیری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "قوربانیدان شتێکی نوێ نییە بۆ باوباپیر و شەهیدەکانمان لە هەموو چین و توێژ، ئایین و مەزهەبەکانی عێراقی خۆشەویست. یەکێک لەو پیاوانەی کە ئەمڕۆ وەبیری دەهێنینەوە و ئەم سەکۆیە گەورەیەی بە ناویەوە دەکەینەوە، کەسایەتیێکی نیشتمانی و مێژووییە، کە ئەوەیش سەرکردەی کۆچکردوو، مەلا مستەفا بارزانییە. هەروەها ئەو ژیاننامە بەخشندەیەی کە بۆ پرسی کورد هەیبوو، وەبیردێنینەوە، کە بریتییە لە پرسی عێراق و ئازادکردنی لە چنگی خۆسەپێنی و ستەم."
 
لە رێوڕەسمەکەدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دیپلۆمات و بەرپرسانی بیانیش ئامادەبوون، لە نوێیاندا، سەرۆک بارزانی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرکردەی پارتە سیاسیییەکانی دیکەی عێراق. 
 
سوودانی لەبارەی یادگەکەوە گوتی: "دروستکردنی سەکۆیێکی لەم شێوەیە بۆ زیندووڕاگرتنی یادی پیاوە مەزنەکان، وەفایێکە بۆ ئەو شتەی لە ژیانیاندا پێشكێشیان کرد، هەر ئەو قوربانیانەش بوون کە بوونە بناخەی ئازادبوون، یەکگرتوویی و سەرکەوتنی عێراق بەسەر داگیرکاران و تیرۆر و هەروەها پێکەوەکارکردنی رۆڵەکانی و یەکخستنی چارەنووسیان. پێویستە ئەم وێنەیە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە ئەویش وێنەی بەخشندەیی پیاوانی نیشتمان و هەڵوێستەکانیانە."
 
دروستکردنی وڵاتی "دادپەروەری، یەکسانی، خۆشگوزەرانی و شکۆمەندی"
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق  هەروەها گوتی: "شەهیدانی گەلی کوردیمان و شەهیدانی تەواوی بزاڤی نیشتمانیی عێراقی ویستیان وڵاتێک بۆ نەوەکانیان بە میرات بهێڵنەوە کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی گەشەبکات و هاووڵاتیی بە رێزلێگیراوی، شکۆمەندی و سەربەرزییەوە تێیدا بژیت."
 
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، وەکو "بەرپرسیاریەتی" بەرامبەر خوێنی شەهیدان، پێویستە  بە "رێبازی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی و بونیادنان بەرەو پێش بڕۆین و گۆڕانکاری دروستبکەین، دامودەزگاکانی وڵات چاکبکەین، تا دەگەینە ئەو حکومەتە خزمەتگوزارەی کە لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتی تێدەکۆشێت و رەزامەندیی خوای گەورە و باڵادەست و رەزامەندیی رۆڵەکانی گەلەکەی لە باکوورەوە تا باشووریەوە بەدەستدێنێت."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "بەدەستهێنانی رەزامەندی و متمانەی گەل لە هیچەوە یان لە خۆیانەوە دروست نابن، بەڵکو ئاڵنگاریێکی گەورەیە. پێویستە چاوەڕێی کاتێک بۆ کارکردن و بونیادنان نەکەین، چونکە ئەرکەکە هەموو ئێمەی عێراقی دەگرێتەوە، چ لە هەرێمی کوردستان بن، یان لە هەر شار و ناوچەیەکی نێوەڕاست و باشوور و رۆژئاوا بن. ئێمە لە رۆژی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتەوە، کارە لەپێشینەکانی حکومەتمان دیاریکردوون، بنەمای هاوتەریبکردنی قسە لەگەڵ کردارمان کردە پەیڕەوی خۆمان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو دۆسیانە بکەین کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتییەوە هەیە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.