رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی چیای گابار سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت زیادیکردووە و رۆژانە زیاتر لە 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی چیای گابار بۆ زیاتر لە 40 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی 100 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و بۆ ئەوەش بە شەو و رۆژ کار دەکەن.
تورکیا بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی دەرەکی بە وزە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە لەسەر زەوی و دەریا. بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی چیای گابار بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان هەژمار دەکرێت بەو ئاراستەیەدا.
چەندین مانگە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرنەخ، سێرت، جۆڵەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن.
هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن؛ ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
پێشتر ئاڵپارسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە یەکی کانوونی دووەمی، 2024 سەردانی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانی کرد و رایگەیاند، لە پارێزگای شرنەخ گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتیان لەسەر زەوی لە مێژووی کۆماری تورکیادا جێبەجێ کردووە و لە کۆتایی 2024 ـدا بەرهەمهێنانی نەوت لەو پارێزگایە دەگەیێننە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ