عەدنان رەشید، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار بەشداریکردووە لە نووسینی ئەم راپۆرتە
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی وەرتێ، کوچە و کۆڵانەکان، بەردەم ماڵی هاووڵاتییان و دووکان و تەنانەت حەوشەی ماڵەکانیش پڕ بوون لە زبڵ و خاشاک، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە زبڵ و خاشاک فڕێنەدراوە. بۆنی ناخۆشی زبڵ و خاشاك هاونیشتمانییانی بێزار کردووە و سیمای ئەو شارەدێیە بە تەواوی لە زبڵدان دەچێت.
رۆژی سێشەممە 11-04-2023، محەممەد مستەفا، دانیشتووی وەرتێ لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "دوو مانگە بە دەست ئەو زبڵەوە دەناڵێنین، سەرجەم گوندەکان بێزارین لە دەست ئەو زبڵە. هەموومان تووشی نەخۆشی بووین. بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانی کەمتەرخەمن. هەندێک کەس رێگرن لە فڕێدانی زبڵەکە و پێویستە ئاسایش بانگی بکات."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی جێگر محەممەد دەڵێت، "ماوەی دوو مانگە لە ناحیەی وەرتێ هیچ زبڵ و خاشاکێک فڕێ نەدراوە، سیمایەکی زۆر ناشیرینی بەو دەڤەرە بەخشیوە، چونکە ئێرە شوێنێکی گەشتیارییە و خەڵک روومان تێدەکەن."
رووبارو چەمەکان هاوشێوەی کوچە و کۆڵانەکان پڕ بوون لە پیسی، ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانیش پڕ کراون لە پاشماوە و شوێنێک نییە ئەو هەموو زبڵ و خاشاکەی لێ فڕێ بدرێت.
موسلیح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "فڕێدانی زبڵ و خاشاک کێشەیە لەو سنوورە، ناحیەی وەرتێ 17 گوندە لەگەڵ مەرکەزی ناحیە، ئەو کێشەیە دەستی کەسی لەگەڵ نییە، شوێنێکمان دەستنیشان کردبوو لەگەڵ کۆمپانیای پاپاگرووپ لە ساڵی رابردوو، بەڵام شوێنەکە نزیک بوو لە گوند. دواتر کۆمپانیاکە خاشاکی وەرتێی گواستەوە بۆ قەسرێ، بەڵام بەهۆی هێنانی زبڵی چۆمانەوە بۆ قەسرێ، بۆیە دانیشتووانی قەسرێش ناڕازیبوون لە فڕێدانی زبڵ لەو شوێنە."
محەممەد مستەفا رەخنە لە بەرپرسانی سنوورەکە دەگرێت لە کەمیی خزمەتگوزاریی لە سنوورەکەیان، دەڵێت "لەگەڵ بارینی باران ئاو دێتە نێو ماڵەکان، رێگەوبانەکان خراپن، پارەی کارەبا زۆر بۆ ماڵان دێتەوە، کێشەی ئاو هەیە."
نەبوونی کارگەیەکی ریسایکلین لە دەڤەری سۆران بە گشتی، وای کردووە ساڵانە چەندین جار ئەو گرفتە دووبارە ببێتەوە.
هاوکات محەممەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکی شارەوانیی وەرتێ دەڵێت، "زیاتر لە 10 جێگەمان کردووە، گۆڕەپانمان پەیدا کردووە و کابرا رازی بووە، دەچین دەست پێ بکەین ناڕازییەک پەیدا دەبێت. ئێستا ئۆتۆمبێلەکان هەموویان پڕن، ئەوە یەک؛ لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک دەبا لە شاخ و لەجادە و ئەولاو لا فڕێی دەدات و بە ئەنقەست دەیهێنن لەبەردەم شارەوانی فڕێی دەدەن، ئەوەش هەر گرفتە بۆ ئێمە."
لە سنووری شارەوانیی وەرتێ، ئەرکی پاککردنەوەی زبڵ و پاشەڕۆی ماڵان ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە سپێردراوە بە کۆمپانیایەکی تایبەت، پێش دروستبوونی گرفتی نەبوونی شوێن بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوەکان، رۆژانە ئەو کۆمپانیایە هەشت تۆن زبڵ و خاشاکی لە سەنتەری شارەدێکە و زیاتر لە 10 گوندی ئەو سنوورە فڕێ دەدا.
سەبارەت بەو شوێنەی کە زبڵەکەی لێ فڕێدەدرێت، وەک موسلیح زرار دەڵێت، لەوەڕگەیەک دەستنیشانکراوە لە گۆڕعەجەم لە زینی وەرتێ کە موڵکی حکومەتە، "زۆر دوورە لە وەرتێ، ئەمشەو تیمەکان لەکاردان، ئێستا کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین، تیمەکان لەکاردان، تاوەکو رۆژی هەینی، وەرتێ لە جاران پاکتر دەبێت، ئەو شوێنەی کە زبڵی لێ فڕێدەدرێت، کاتی نییە و دەبێت سیاجی بۆ بکرێت."
ئەندازیار فەرمان جەمیل، بەڕێوەبەری بەشی نەخشەسازی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆرانیش لە بەرنامەی بەرپرسیار باسی لە دامەزرانی کارگەی ریسایکلین لە سنووری ئیدارەی سۆران کرد، گوتی، "گرێبەستی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیای پاپاگرووپ لە 2011 کراوە، یەکێک لە خاڵەکانی گرێبەستەکە، دروستکردنی کارگەی ریسایکلینە، دەبوو لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای دەستبەکاربوونی دروستبکرایە، بەڵام تاوەکو ئێستا دروستنەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ