رووداو دیجیتاڵ
ئەڵقەی زاوایەتی و جامانەکەی ملی، دوایین یادگارین بۆ بنەماڵەکەی، پشتیوان زاوای یەک شەوە و شەهیدی راپەرین. ئەو دەیویست بە بەشداریکردنی لە راپەڕین مانگی هەنگوینییەکەی شیرینتر بکات، بەڵام لە رێگەی ئازادیی کوردستان گیانی فیداکرد.
پەروین جەمیل، دایکی شەهید پشتیوان ماوەی 33 ساڵە ئەڵقەی زاواییەتیی کوڕەکەی لەپەنجەیەتی، کە بۆ بنەماڵەکەی مایەی شانازی و زامێکی لەبیرنەکراوە.
پەروین باسی یەک رۆژ پێش راپەڕینی هەولێر دەکات، ئەو رۆژەی کوڕەکەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی کرد و دەڵێ "پرسمان بە دایک و باوکی کچەکە کرد و گوتیان 'ئەگەر ئێوە ئامادەن دەتوانن بووکەکە بگوازنەوە.' کاژێر چوار هەموو شتێک ئامادەبوو، پشتیوان بووکەکەی بردە ئارایشگە و گواستمانەوە، بەیانیی زوو لە باڵکۆنەکەوە بانگی کردم و گوتی 'دایە، من دەڕۆم.' گوتم 'سەرت بەرەوە ژوورەوە تۆ تازەزاوای، نابێت.' گوتی 'لەگەڵ پێشمەرگەکان دەچمە هەولێر.'
باسی ساتی بینینی تەرمی کوڕەکەی دەکات و دەڵێ "کە تەرمەکەی گەڕێندرایەوە، دەست و چاو و دەمم ماچ کرد و، گوتم باشە من چ لە بووکی یەکشەوت بکەم کوڕەکەم؟"
شەهید پشتیوان رۆژی 10ـی 3ـی 1991 ژیانی هاوژینی پێکهێنا، رۆژی دواتر لەگەڵ براگەورەکەی و چەند ئامۆزایەکی بەشداری لە راپەڕینی هەولێر دەکەن. باوکە جگەرسووتاوەکەی بە 73 ساڵ تەمەنەوە باسی ساتی گەڕانەوەی تەرمی کوڕە جوانەمەرگەکەی بۆ رووداو دەکات.
غەنی حەسەن، باوکی شەهید پشتیوان دەڵێ "کوڕە گەورەکەم، قارەمان گەڕایەوە، هەر لە دەرگەوە گوتم کوا براکەت، گوتی نازانم. گوتم با بڕۆین، بزانم کوا براکەت. لەسەر رێگەی هەولێر گەیشتینە خزمەکانم، کە منیان بینی یەکسەر دەستیان بە گریان کرد، سەیرمکرد و بینم پشتیوان شەهید بووە."
کامەران چەتۆ، ئامۆزای شەهید پشتیوان رۆژی 11ـی ئاداری 1991 لەگەڵ 10 کەسی دیکە هێرشیان کردبووە سەر بارەگای جەیش شەعبی لەسەر رێگەی عەنکاوە لە هەولێر. هەواڵی شەهیدبوونی پشتیوان، برا، ئامۆزا و هاوسەنگەرەکانی تووشی شۆک کردبوو.
کامەران چەتۆ، لەو شوێنەی بارەگای جەیش شەعبی بووە بە رووداوی گوت "کاژێر 08:00ـی بەیانی، گەیشتینە نێو هەولێر، شەڕێکی گەرم بوو، نزیکەی دوو کاژێر لێرە شەڕ بوو، پشتیوان لەنێو بارەگای جەیش شەعبی شەهید بوو، کە هاتن، گوتیان پشتیوان شەهیدبووە پێمان سەیربوو، گوتمان چۆن هاتووە و نەمانزانی لە پشتەوە سەرکەوتووە."
ئەمڕۆ، 33 ساڵ بەسەر راپەڕینی هەولێر تێپەردەبێت، بنەماڵەکەی ساڵانە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کوڕەکەیان بە چەپکێک گوڵی سوور وەک هێمایەک بۆ بەرخودانی دژی ستەم و زۆرداریی بەعس، سەردانی ئارمگەکەی دەکەن لە پیرمام.
حەسەن غەنی، برای شەهید پشتیوان دەڵێ "ئێمە، چاوەڕێی هەواڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە بووین لە هەولێر، کاتێک تەرمی شەهیدێک گەڕایەوە پیرمام، کە چووم لێی نزیکبوومەوە، بینم تەرمی شەهید پشتیوانە، بە هەمان جلی زاوایەتی کە رۆژی پێشتر لەبەری بوو، شەهید بوو."
شەهید پشتیوان لە تەمەنی لاوییەوە لە ریزی رێکخستنە نهێنییەکانی پارتی لەدژی رژێمی بەعس کاریکردووە. پشتیوان لە تەمەنی 21 ساڵی شەهیدبوو، رۆژی لەدایکبوون و شەهیدبوونیشی هاوشێوەی چیرۆکی زاواییەتیەکەی سەرنج راکێشە و هەمان رۆژە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ