رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، لە شەوی 2ـی ئەم مانگە چەند کەسێک لە قەڵادزێ بە سێ بۆمبی جۆری 'مۆڵۆتۆڤ' هێرشیان کردبووە سەر ماڵی هاووڵاتییەک، لەسەر رووداوەکە بە فەرمانی دادوەر پێنج کەس دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، هاونیشتمانییەک سکاڵای تۆمارکردووە گوایە هێرشکراوەتە سەر ماڵەکەی و ئەوانیش بە بڕیاری دادوەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەدوای ناسنامەی تۆمەتبارەکان کردووە و توانیویانە بیاندۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە، سەرەتا هێزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دەستگیرکردووە و پاش لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی ئەو کەسە، توانرا چوار تۆمەتبارەکەی دیکەش دەستگیربکەن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر سەرجەمیان راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە.
ئاماژە بەوەش دراوە، دەست بەسەر سێ ماتۆڕسکیلدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ