رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئامەد دۆسیەی ژمارەیەک هاونیشتمانی رەتکردەوە، کە لە یارییەکی ئامەدسپۆردا ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە و دروشمی "بژی کوردستان"یان گوتبووەوە و داوا کرابوو، ئەو کەسانە سزا بدرێن.
رۆژی 25ـی ئەیلولی 2022 لە کاتی یاریی نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە شاری ئامەد ژمارەیەک هاونیشتمانی، ئاڵای کوردستانیان لە یاریگاکە بەرزکردەوە و تیشێرتیان لەبەردا بوو، کە وێنەی قازی محەممەد و ژینا ئەمینی لەسەر بوو و دروشمی "بژی کوردستان"یان گوتەوە، لێکۆڵینەوە لەبارەی حەوت کەس دەستیپێکرد و پێنج کەسیش دەستگیرکران.
دواتر ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون بە مەرجی دادوەری ئازادکران، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیان بەردەوام بوو و قەدەخە بوو تورکیا جێبهێڵن.
دوای ساڵ و نیوێک، داواکاری گشتیی ئامەد بڕیاری لەسەر دۆسیەکە دا.
داواکاری گشتی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، بەپێی یاسایەک کە لە ساڵی 2013 دەرچووە، بەو پێیەی ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە رێکخراوێکی تیرۆریستییەوە نییە و پێشتر کردەوەی تیرۆر و تووندوتیژییان نەکردووە، تەنیا ئاڵای ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان هەڵکردووە و دروشمی "بژی کوردستان"یان گوتووەتەوە، نابێت سزا بدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ