لە هەولێر هەشت نان دەکرێتەوە 1000 دینار و کێشەکەی زیاد دەکرێت

11-01-2024
نازەنین گۆران
نیشانەکردن نان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەولێر، بڕیاری فرۆشتنی 10 نان بە هەزار دینار، بۆ هەشت نان بە هەزار دینار دەگۆڕدرێت، بەمەرجێک خاوەنی نانەواخانەکان کێشی ئەنگوتک بۆ 100 گرام زیادبکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 11-01-2024 هەژار مەلا بەهرام، نوێنەری نانەواخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوێنێ لەگەڵ قایمقامی هەولێر کۆبووینەوە و پێمانگوتووە؛ زۆر ئەستەمە بتوانین ژمارەی نان زیادبکەین و، پێشنیازمان هەبوو؛ هەشت نان بە هەزار دینار بمێنێتەوە، بەڵام کێشی ئەنگوتک لە 85 گرامەوە بۆ 100 گرام زیادبکرێت، ئەوەی چواری بە هەزارە، ئەویش لە 150 گرامەوە بۆ 180 گرام زیادبکرێت."
 
سەبارەت بە بۆچوونی قایمقامی هەولێر لەبارەی پێشنیازەکە، نوێنەری نانەواخانەکانی هەولێر گوتی "قایمقام پێشنیازەکەی پێ باشبوو، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لەگەڵ سەرووی خۆی قسە بکات بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەمڕۆ لەوبارەوە دووبارە لە قایمقامیێتیی هەولێر کۆدەبینەوە و چارەسەرێک دەدۆزینەوە، کە لە بەرژەوەندیی خەڵک و خاوەنی نانەواخانەکاندا بێت. لەگەڵ گوتەبێژی حکومەتیش گفتوگۆمان کردووە، ئەویش کارەکەی بە پارێزگا و قایمقام سپاردووە."
 
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت نرخی نان هەرزان بکرێت. بەگوێرەی بڕیارەکە پێویست بوو 10 نان و سەموون بکرێتە هەزار دینار، بەڵام لە هەولێر خاوەنی نانەواخانەکان ناڕەزایەتییان دەربری. دوێنێ 610 نانەواخانە لە هەولێر دووکانیان داخستبوو.
 
دانا رەمەزان، یەکێک لەو نانەوایانەی دووکانی داخستبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ دووکانەکانمان کردووەتەوە، چونکە ئاگادارکراینەوە وەکو رابردوو کاری خۆمان بکەین و هەشت نان بە هەزار دینار بفرۆشین، تاوەکو بڕیارێکی نوی دەردەکرێت."
 
لە هەولێر دوو جۆر نان دەفرۆشرێن، هەشت نان بە هەزار دینار کە کێشی 85 گرامە و چوار نان بەهەزار دینار کە کێشی 150 گرامە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوێنێ لە قایمقامیێتیی هەولێر لەسەر پێشنیازی نوێنەری نانەواخانەکان بڕیاردراوە هەشت نان بە هەزار دینار بمێنیتەوە، بەڵام دەبێت خاوەنی نانەواخانەکان کێشی نانەکان بۆ 100 گرام زیادبکەن و چوار نان بە هەزار دیناریش لە 150 گرامەوە کێشەکەی بۆ 180 گرام زیاد بکرێت. ئەگەر لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی قایمقامیێتیی هەولێر لەگەڵ خاوەنی نانەواخانەکان بڕیارەکە پەسندکرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیێندرێت.
 
رۆژی سێشەممە 09ـی ئەم مانگە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، 50٪ داشکاندنیان بۆ نرخی گاز و کارەبا بۆ خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان کردووە، هەروەها نرخی یەک فەردە ئاردیش کراوەتە 29 هەزار دینار، بۆیە دەبێت بە زووترین کات بڕیارەکە لە هەولێر جێبەجێ بکرێت.
 
تائێستا بڕیاری فرۆشتنی 10 نان و سەموون لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێ نەکراوە، لەبارەشەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی سەموونخانە و نانەواخانەکان نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە