رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە نێو بازاڕی چەمچەماڵ دوو ئامۆزا بەشەڕ هاتوون و یەکێکیان تەقەی لەوەی دیکە کردووە و برینداری کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 11-01-2024، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە دەورووبەری کاژێر 10:00ـی بەیانی لە نێو بازاڕی چەمچەماڵ لە نزیکی "سەوزە فرۆشران" روویداوە و ئەو دوو ئامۆزایە بووەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان.
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی، "بەهۆی شەڕە تەقەوە یەکێک لە ئامۆزاکان بریندار بووە." بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو ئەو دوو ئامۆزایە لەسەر کێشەی زەوی و زار بەشەڕ هاتوون.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، "هێشتا نازانرێت کێشەیان لەسەر چی بووە، بەڵام پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەیە و بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و هۆکاری رووداوەکە."
شایەتحاڵێکیش لە شوێنی رووداوەکە باسی کاتی تەقەکردن و بریندارکردنی ئەو کەسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "کاتێک گوێمان لە تەقەکان بوو، چووینە دەرەوە بینیمان کەسێک بە برینداری لە زەوی کەوتبوو، تەقەکەرەکەش هەر ئەو کاتە رایکرد، ئێمە کەسیانمان نەناسی، بەڵام دواتر بریندارەکە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە."
بازاڕی سەوزە فرۆشان دەکەوێتە نێوەندی شاری چەمچەماڵەوە لە تەنیشتی ئەو بازاڕە بنکەیەکی پۆلیس هەیە، بەردەوام لەو شوێنە قەرەباڵخی هەیە، لەبارەی زیانی تەقەکردنەکە ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، "تەقەکان زیانی بە هیچ شوێنێک نەگەیاندووە و تەنیا گوللـەکان تەنیا بەر ئەو کەسە کەوتوون کە بریندار ببوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ