رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانی عێراقی رایدەگەیێنێت، داوای پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەکات کە ئێستا لەلایەن کوردێکەوە بەڕێوەدەبرێت و رەخنە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەگرێت و دەڵێت، "کۆتایی بە پەراوێزخستنی تورکمان لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیکردن لە حکومەت و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان کە تورکمانیان تێدایە بهێنێت." بەرپرسی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "بەرەی تورکمانی موزایەدە دەکات و شەقامیان بەدەستەوە نەماوە."
رۆژی شەممە 10-12-2022، بەرەی تورکمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک بڵاوکردەوە و بە پەراوێزخستنی تورکمانەکانی ناودەبات و دەڵێت، "بە پەراوێزخستنێکی روون و بە ئەنقەستی پێکهاتەی تورکمان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، فەرمانی دامەزراندن بۆ جێگری فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و یاریدەدەرەکەی دەرچووە بێ رەچاوکردنی هاوسەنگیی نیشتمانی لە پارێزگاکە کە دەستوور لە مادەی نۆیەمدا جەختی لێکردووەتەوە. دامەزراندن تەنیا لەیەک پێکهاتەدا قەتیس کراوە، لەکاتێکدا پۆستی جێگری فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک تاوەکو ساڵی 2015 لەلایەن پێکهاتەی تورکمانییەوە پڕکرابووەوە."
هەروەها هاتووە، "نەهامەتییەکانی تورکمان و نوێنەرانەیتیکردنیان لەنێو وەزارەتی ناوخۆ، دوای کۆتاییهاتنی راسپاردنی فەریق ئاید خالید، بریکاری وەزیر بۆ کاروباری پۆلیسی گشتی لە ساڵی 2012ەوە زۆرتر بووە، هەروەها ستەمکردنی دیار لەتورکمانەکان لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک روونە، کاتێک رێژەی تورکمان لە فەرماندەکانی کەرکووک دەگاتە (13٪)، سەرباری داواکارییە بەردەوامەکانمان لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزیرانی ناوخۆ لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان."
لە وەڵامی راگیێندراوەکەی بەرەی تورکمانیدا، حەسیبە عەبدوڵڵا، بەرپرسی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرەی تورکمانی هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ موزایەدەی سیاسیی، پێشتر داوای وەزارەتیان دەکرد و ئێستا هاتوونەتە سەر پۆستەکان و باسی پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەکەن کە کوردێک زۆر بە رێکوپێکی و لە خزمەتی شارەکە و پارێزگاکە پۆستەکەی بەڕێوەدەبات، ئەم کار و کردەوانەی بەرەی تورکمانی هیچ ئەنجامێکی نابێت و باش دەزانن کە هەستی شەقامی لەدەستچوویان بەو شێوەیە ناجوڵێت."
حەسیبە عەبدوڵڵا گوتیشی، "ئێستا خەڵکی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە دەزانن کە بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک بێ هیچ جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە، کارەکانی جێبەجێ دەکات، بۆیە ئەو راگەیێندراوەی بەرەی تورکمانی هیچی لێ سەوز نابێت."
راگەیێندراوەکەی بەرەی تورکمانی دوای ئەوە دێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو جێگر و یاریدەدەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووکی گۆڕی.
بەرەی تورکمانی لە راگەیێندراوەکەیدا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەکان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ دەکات، چارەسەری پۆستەکانی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بکەن، بەو شێوەیەی کە بە پاراستنی "هاوسەنگی نیشتمانی" ناوی دەبات و داوا دەکات "پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بدرێت بە پێکهاتەی تورکمان و پێویستە سەرۆکوەزیران کۆتایی بە زنجیرەی پەراوێزخستنی تورکمان لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیکردن لە حکومەت و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان کە تورکمانیان تێدایە بهێنێت."
ئەو راگەیێندراوەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو عەمید خزەیر ئەحمەد حەمدوش مفرەجی پۆستی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی کەرکووکی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ