رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆنگرەی COP27ـدا لە قۆناخی دانوستاندندان بۆ وەرگرتنی هاوکاریی دارایی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. دەشڵێت، لە ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵی داهاتوودا ناوەندێکی بەرپرس لە پرسی "گۆڕانی کەشوهەوا" لە هەرێمی کوردستان دروستدەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022 هەڤاڵ ئەحمەد، بەرپرسی بەشی ژینگەی شارستانی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی ئابووریی کاژێر 09.00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "وەکو شاندی هەرێمی کوردستان ئامانجێکی بنەڕەتیمان هەیە لەو کۆنگرەیە، ئەویش ئەوەیە چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوەکانی دیکە بکەین بۆ پشتیوانیکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و عێراق."
لەبارەی پشتیوانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان ئەو بەرپرسە گوتی، "بابەتی پشتیوانی و هاوکاریی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بەڵام بابەتی هاوکاریی دارایی هێشتا لە سەروبەندی دانوستاندندایە و نەگەیشتووینەتە بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی ئەم بابەتە."
هەڤاڵ ئەحمەد باس لەوەش دەکات، بەپێی رێککەوتنی پاریس، وڵاتانی پێشکەوتوو دەبێت ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ سندووقی کەشوهەوای سەوز دابنێن تاوەکو وڵاتانی تازەپێگەیشتوو سوود لەو هاوکارییە داراییە ببینن بۆ پرۆژە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. دەشڵێت، تائێستا لەو حەوت ساڵەی رابردوودا ئەو بڕەی دابینکراوە نەگەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتوو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.
وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا زیانلێکەوتووترین وڵاتانن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، کە عێراق یەکێکیانە.
ئەو بەرپرسەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی عێراقەوە ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەکانی عێراق لە کۆنگرەکەدا دەخرێنەڕوو و تاوتوێ دەکرێن، چونکە لە کۆنگرەکەدا دانوستاندن دەکرێت، کە ئێمە وەکو وەفدی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە وەفدی عێراق ئامادەین لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە کێشەکانی عێراق و چۆن بتوانین پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەڵام تائێستا هیچ بەڵێنێک بە عێراق و وڵاتانی دیکە نەدراوە بۆ هاوکاریکردنیان لەڕووی داراییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان."
لەبارەی بەرەوپێشبردنی توانای دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەڤاڵ ئەحمەد گوتی، "شتێکی زۆر گرنگە، پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان داناوە، ئەو پرۆژەیەش تایبەتە بە (بونیادنانی توانا) کە چۆن بتوانین پلانی خۆگونجاندن بۆ هەرێمی کوردستان دابنێین و فڕێدانی گازە زیانبەخشەکان کەمبکەینەوە."
بەرپرسی بەشی ژینگەی شارستانی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "ئەو پڕۆژەیە تازە لەگەڵ پڕۆگرامەکە دەستیپێکردووە، شتێکی گرنگ لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئەوەیە کە چۆن بتوانین فڕێدانی گازە زیانبەخشەکانی وەکو کاربۆن و میسان کەمبکەینەوە و گرنگە لە هەرێمی کوردستان ناوەندێک هەبێت بتوانێت ئەو گازانە سنووردار بکات، چونکە زۆر گرنگە بابەتی فڕێدانی گازە زیانبەخشەکان رێکبخرێت و هانی وڵاتانی پێشکەوتوو بدەین پشتیوانیمان بکەن". دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان دەستمان بەو بابەتە کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی باشی لەو بابەتە کردووە."
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵدا کۆمەڵێک کادیر لە هەموو کوردستان ئامادە دەکەن لە هەموو وەزارەت و دامودەزگاکان و، دەستەی ژینگە دەبێتە خاڵی سەرەکی و ئەو تیم و کادیرانەی ئامادە دەکرێن، دەبنە بەرپرسی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرپرس دەبن لە پلانی خۆگونجاندنی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا.
بەپێی راپۆرتێکی COP27، وڵاتانی تازە پێگەیشتوو لەنێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی بیانییە تاوەکو 10 ساڵی داهاتوو بۆئەوەی بتوانن ئامانجە ژینگەییەکانی رێککەوتنی پاریس بپێکن.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان دەبێت لەڕێگەی راکێشانی سەرمایەی بانکەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان و وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو بڕە سەرمایە دابین بکەن بۆئەوەی ئامانجە ژینگەییەکان بپێکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ