چوار کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەی خەلیفان-سپیلک دادەنرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

هاتووچۆی سۆران دەڵێت، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی و خێرایی رێگەپێدراو لە جووتسایدی خێرای خەلیفان-سپیلک دانراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی 11ـی 2024، عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە رووداوی گوت: "تێبینیمان کرد لە بەشێکی جووتسایدی خێرای خەلیفان-سپیلک شۆفێران بەخێراییەکی زۆر لێدەخوڕن، تاقیمان کردەوە شۆفێران بەخێرایی 130 بۆ 135km لە کاژێرێکدا دەڕۆن، بۆیە وەکو قۆناخی یەکەم، هێماکانی بوونی کامێرا و خێراییمان لە جووتسایدی خێرای خەلیفان-سپیلک جێگیر کرد."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: "شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە کامێراکانی چاودێریی خێرایی لە جووتسایدی خێرای خەلیفان-سپیلک دادەنرێن."
 
بە گوتەی عەقید موحسین شەمزینی، "ئەو کامێرایانە گەڕۆکن و لەکاتی دیاریکراودا لەوێ دادەنرێن. ئێمە جێگەی کامێرای جێگیر (خاڵ بۆ خاڵ)مان دیاریکردووە و چاوەڕێین لەم چەند رۆژەدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شوێنیان جێگیر بکرێن."
 
پۆلیسی هاتووچۆی سۆران روونیکردووەتەوە: "خێرایی رێگەپێدراو لە جووتسایدی خێرای خەلیفان-سپیلک بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک 100 کیلۆمەتر و بۆ بارهەڵگر 80 کلیۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا."
 
عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران گوتی: "فەرمانی جێگیرکردنی چوار کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەرچووە."
 
لە ساڵی رابردووەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەندین کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە جۆرەکانی خاڵ بۆ خاڵ و جێگیری لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە