رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی بیجار-دیواندەرە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
شەوی رابردوو، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید و بارهەڵگرێکی بچووک (نیسانی باری) پێکیاندادا و بەهۆیەوە دوو سەرنشین لە ئۆتۆمبێلی پراید گیانیان لەدەستدا.
حەمید عەبدولمەلیکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت جگە لەو دوو کەسەی گیانیان لە دەستداوە، کەسێکیش بە سەختی بریندارە، بریندارەکە لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێندرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری گەیێندراوەتە نەخۆشخانە. تەرمی ئەو دوو کەسەش کە گیانیان لەدەستداوە گواستراونەتەوە دادپزیشکی.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ