بۆ پاراستنی خانمە بەربژێرەکانی پەرلەمان لە ناوزڕاندن، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنرا

10-10-2024
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و چەند وەزارەت و دەزگایەکی دیکەی پەیوەندیدار بۆ پاراستنی بەربژێرە ئافرەتەکان پێکهێنراوە. ئەندامێکی باڵای لیژنە هاوبەشەکە دەڵێت: کاری ئێمە پاراستنی بەربژێرە خانمەکان دەبێت لە هەر حاڵەتێکی ناوزڕاندن و هەراسانکردن.
 
پەروین حەسەن، راوێژکار لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ئەندامی باڵای لیژنە هاوبەشەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای زنجیرە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و رێکخراوەکان، بڕیارماندا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا، کە لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و چەند وەزارەت و دەزگایەکی دیکەی پەیوەندیدار پێکهاتووە، کار بۆ پاراستنی خانمانی بەربژێر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن دەکەین، ئەنجوومەنەکەش کارەکانی لەژێر چاودێریی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ دەبێت." 
 
بەگوتەی پەروین حەسەن، لیژنەکە پێکهاتووە لە، "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان؛ ئەنجوومەنی ئاسایش؛ داواکاری گشتیی؛ دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ؛ وەزارەتەکانی رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، پەروەردە و ئەوقاف؛ بەشی ئافرەتان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ رێکخراوی یووئێن ومەن و چەندین رێکخراوی دیکەی ناوخۆیی و بیانی."
 
لەبارەی کار و ئەرکەکانی ئەو لیژنەیە، پەروین حەسەن دەڵێت، "کاری سەرەکیی ئێمە پاراستنی بەربژێرە خانمەکانە لە سەرجەم حاڵەتەکانی ناوزڕاندن، هەراسانکردن و هەر حاڵەتێکی دیکەی هاوشێوە، ئەرکەکانیشمان بەسەر لایەنە پێکهێنەرەکانی لیژنەکە دابەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی هێڵی گەرمی 119ـشمان کارا کردووە، خانمان دەتوانن لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کێشانە، پەیوەندیی بە لیژنەکەمانەوە بکەن."
 
ئەو راوێژکارەی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی بەوەش کرد، "لیژنەکەمان بۆ دوای هەڵبژاردنیش لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، ئەو خانمانەی دەبنە پەرلەمانتاریش بەهەمان شێوەی ئێستا هاوکاریان دەبین و لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی ئەخلاقی دەیانپارێزین، بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکەش هەمان لیژنە کارەکانی بەردەوام دەبێت."
 
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، هەزار و 191 کەس خۆیان بەشێوەی سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی حیزب و هاوپەیمانییەتییەکان بەربژێر کردووە، لەو ژمارەیەش 368 بەربژێریان لە رەگەزی مێن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسمانی شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسێک: کەشوهەوا بەهاری دەبێت و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "ئەم دوو رۆژە کەشوهەوا بەهارییە و دەتوانن بێ دوودڵی گەشت بکەن."