رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، 10 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی لە سنوورەکە نەکردووە، نزیکەی شەش پڕۆژەی گرنگی رێگەوبانیش، کە پێویستیان بە 11 ملیار دینارە کارکردن تێیاندا راگیراوە.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستی بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکاندا کردووە.
زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی نەوت کە بۆ 3700 ماڵە گەیشتووە و ئەمڕۆی دابەشدەکەین کە بڕەکەی 200 لیترە بە 104 هەزار دینار، دابەشکردنەکەش قۆناخ بە قۆناخ بەردەوام دەبێت."
هەموو ساڵێک دانیشتووانی قەزای پێنجوین ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای زیاتر لە یەک بەرمیل نەوت دەکەن، پار هاونیشتمانیانی قەزاکە گردبوونەوە و داوای زیاتر لە یەک بەرمیل نەوتیان کرد بە کەمتر لە 100 هەزار دینار.
قایمقامی پێنجوێنیش لەوبارەوە دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەش نە نرخ دابەزێندرا نە بڕەکەی زیادکرا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بزانێت ناوچەی پێنجوێن ساردە و لە ساڵێکدا بەلایەنی کەمەوە سێ بەرمیل سووتەمەنی بەکاردەهێنین."
بەگوتەی قایمقامی پێنجوێن هاونیشتمانیانی سنوورەکە زۆرجار بە ناچاری بۆ خۆگەرمکردنەوە دار دەبڕنەوە و دەڵێت: "بابەتی داربڕین لە پێنجوێن دوو هۆکارە، بەشێکیان سەرپەلی دارەکان دەبڕێتەوە و دارە وشکەکان کۆدەکەنەوە ئەوە کێشەی بۆ دارستان نییە، بەڵام هۆکارێکی دیکەی لە ناچاریدایە کە سووتەمەنی نەبوو، مووچە لەکاتی خۆی نەدرا هەموو کەسێک ناتوانێت نەوت بە 160 هەزار دینار بکڕێت بۆیە بە ناچاری پەنادەبردرێتە بەر داربڕین."
شەش پڕۆژەی گرنگی رێگەوبان راگیراون
لەبارەی پڕۆژەی رێگەوبان لە قەزای پێنجوێن، زانا رەحمان دەڵێت: "یەکێک لە رێگا گرنگەکان رێگەی دووسایدی پێنجوێن-سەیدسادقە کە تاوەکو ئێستا نەکراوە، بەشێکی زۆری رێگەی گوندەکان زۆر خراپە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، نزیکەی شەش پڕۆژەی گرنگی رێگەوبان کە نزیکەی 11 ملیار دیناریان پێویستە راگیراون."
بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن، بەشێکی زۆر لە رێگەکان کاری تێدا کراوە رێگە هەیە 60٪ی تەواو بووە، بەڵام دواتر راگیراوە چونکە لەسەر پترۆدۆلارە و ئەوەش خەرجناکرێت.
سەنتەری پێنجوێن پێویستی بە پێنج قوتابخانەی دیکەیە
لە قەزای پێنجوێن نزیکەی 80 قوتابخانە هەن. قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "قوتابخانە هەیە لیژنەی سەلامەتیی پەروەردە دوو ساڵە دەڵێت نابێت خوێندکاری تێدابێت، بەڵام هەزار و 100 قوتابی تێدایە و دوو دەوامیشە، قوتابخانەمان هەیە لە گوند لە کابینەیە ئەوانە هەمووی کێشەن."
زانا رەحمان دەڵێت، "چەند ساڵە لە پێنجوێن باڵەخانە دروستنەکراوە، لەکاتێکدا تەنیا لە سنووری شاری پێنجوێن بە لایەنی کەمەوە پێویستمان بە پێنج قوتابخانەیە ئەوە جگە لە ناحیەکانیش، لە هەر یەکێکیان پێنج بۆ شەش قوتابخانەمان پێویستە و نزیکەی 12 قوتابخانەش دەرخستەمان بۆ کردووە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە."
پێنجوێن پێویستی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆیە
قایمقامی قەزای پێنجوێن دەڵێت: "گوندمان هەیە تۆڕی ئاوی نییە و نزیکەی 300 ملیۆن دیناری دەوێت بۆ ئەوەی ئاو و ئاوەڕۆی چارەسەربکرێت، بەڵام پارە بەردەست نییە، لە نێو پێنجوێندا چەند بیرێکمان پێویستە، کە بە سوپاسەوە ئەوەیان بەشێک لە تێچووەکەی لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و بەشێکی لەلایەن خەڵکی خێرخوارەوە دابینکراوە، بەڵام پێویستیمان بە چەند کۆگایەکی گەورەی ئاوە بۆ ئەوەی کێشەی بێ ئاوی چارەسەر بکەین."
بەگوتەی قایمقامی پێنجوێن، زۆربەی ئەو تۆڕە ئاوانەی لە قەزاکە هەیە کە دانراوە حیسابی فراوانبوونی شاری بۆ نەکراوە بە نموونە تەنیا بۆ 100 هەزار ماڵێک بووە ئێستا ئەو گەڕەکە دانیشتووانەکەی بووەتە دوو هێندە و بۆڕی ئاوەکەش بەشی ئەوە ناکات کە ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەوانەی پێویستی بە چاکسازییە.
زانا رەحمان دەڵێت: "رۆژ نا رۆژێک لە پێنجوێن ئاو دەدرێتە هاونیشتمانیان و گرفتێکی زۆر گەورە نییە، بەڵام گرفتی پڕۆژەی ئاوەڕۆی هەیە، چونکە نزیکەی 10 ساڵە نەک تەنیا پڕۆژەی ئاوەڕۆ هیچ پڕۆژەیەک لە قەزاکە نەکراوە تاوەکو بڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژی کردووە."
کەرتی گەشتیاری لە پێنجوێن سفرە
قایمقامی پێنجوێن لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری قەزاکەیان دەڵێت: "ئەو کەرتە سفرە، بەگوێرەی ئەوەی پێنجوێن شارێکی کوێستانییە و سرووشتێکی جوانی هەیە خەڵک رووی لێدەکات، بەڵام دەبێت حکومەت گرنگی پێبدات، کە خەڵک و وەبەرهێنەر نایەن وەبەرهێنان لە کەرتەکە بکەن دەبێت حکومەت بیکات و دواتر ئەو پڕۆژە بە دەستی خەڵکانێک بدات کە بۆی بەرێوەی ببەن."
قایمقامی قەزای پێنجوێن ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی 32 ملیۆن دیناری لە سەیرانگای گۆڵێ خەرجکردووە، بەڵام سەیرانگای دیکەیان هەیە لەسەر بودجەی نەوتە لە بری ئەوەی سوودی لێ ببینرێت، پڕۆژەکە هەر وەستاوە و وەبەرهێنەر رادەستی حکومەتی کردووەتەوە.
پێنجوێن پێویستی بە ئامێر و پزیشکی هەناو و چاوە
لە سنووری قەزای پێنجوێن سێ نەخۆشخانە هەیە، زانا رەحمان دەڵێت، "دەکرێت نەخۆشخانەی زیاتر بکرێتەوە، بەڵام گرفتێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانە نییە، بەپێچەوانەوە پێویستیمان بە ئامێر و پزیشکە، بە نموونە ئامێری شۆردنی گورچیلە، زۆر گرنگە کە خەڵکەکە بۆ ئەوە دەچێتە سلێمانی یان سەیدسادق چونکە نییە، پزیشکی چاو و هەناویشمان پێویستە."
لەبارەی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ گەنجانی قەزاکە، قایمقام گوتی: "وەکو پارک شتی بچووک بچووک هەن، بەڵام هیچ پارکێکی فراوان و گەورەمان نییە بڵێن ئەوە بۆ گەنجان و منداڵانی شارەکەیە، یاریگاشمان هەیە، بەڵام پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. کەرتی وەرزشی دەبێت ئاوەڕی لێبدرێتەوە."
لەبارەی کارەبا لە قەزای پێنجوێن زانا رەحمان گوتی: "کارەبا باشە، بەڵام هەموو ساڵێک تووشی لۆد و بڕینی کارەبا دەبین، بۆیە هەموو ساڵێک گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەبارەی کارەبا، ئومێدەوارین ئەمساڵ نەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ