رووداو دیجیتاڵ
لە گردبوونەوەی جووتیاراندا دژی بڕینی کارەبا لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان 30 کەس دەستبەسەر کران.
رۆژی یەکشەممە 9ی تەممووزی 2023 ژمارەیەک لە جووتیارانی سنووری شارۆچكەی وێرانشار لە پارێزگای رووها، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕینی ئەو کارەبایەی کە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەکاریدەهێنن لەلایەن کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا، ناسراو بە دەداش، چوونە سەر شەقام و لە چوارڕیانی سوێرەگ رێگەکەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخست.
گردبوونەوەکە گرژیی تێکەوت؛ رووبەڕووبوونەوە لەنێوان جووتیاران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەرانیش پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و تەقەی بە ئاسماندا کرد؛ لە بەرامبەردا خۆپێشاندەران بەردیان گرتە هێزە ئەمنییەکان.
لە چوارچێوەی خۆپێشاندانەکەدا 30 کەس دەستبەسەرکران.
لە سنووری ئەو شارۆچکەیەدا پێنج کەس پارەی کارەبایان نەداوە، بەڵام کۆمپانیاکە ماوەی شەش رۆژە کارەبای لەسەر 13 گوند بڕیوە و بەو هۆیەوە ناتوانن زەوییەکانیان ئاو بدەن.
دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لە بازنەی رووها لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر تۆمارێکی ڤیدیۆیی و چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "لە وێرانشار لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەداش، جووتیاران بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە لێیان دراوە و ئەشکەنجە دراون."
ئەو پەرلەمانتارەی یەسەپە داوا لە حکومەت دەکات رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ جووتیارانی ناڕازییدا کردووە و تووندوتیژییان بەکارهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ