رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 20 هەزار دۆنم زەویی پووش و پاوان و 7000 دۆنم زەویی دەخڵودان سووتاون؛ زۆرترین رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە مانگی حوزەیراندا بووە. بەرگریی شارستانیی دهۆکیش دەڵێت، لەو ماوەیەدا 565 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراون کە زیانە مادییەکانیان گەیشتووەتە ملیارێک و 535 ملیۆن دینار. بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، 37 رووداوی سووتانی زەوی گەنم و جۆی جووتیاران تۆمار کراون.
رۆژی دووشەممە 10-07-2023 هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 20 هەزار دۆنم زەویی پووش و پاوان و دارستان سووتاوە؛ هەروەها 7000 دۆنم دەخڵودان بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە سووتاون."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، زۆرترین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکراون و دەڵێت، "تەنیا لە مانگی حوزەیراندا 10 بۆ 16 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون کە گەورەترینیان رووداوی ئاگرکەوتنەوەی شارباژێڕ بوو، کە نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار دۆنم زەوی زیانی بەرکەوت."
هێمن کەمەرخان گوتیشی، بەهۆی سەرپێچییە جۆراوجۆرەکان 309 هاووڵاتی دەستگیرکراون کە 9ـیان تۆمەتبار بوون بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و دوو کەسی دیکە بە هەمان تاوان دەستگیر کران، واتە بە کۆی گشتی 311 کەس دەستگیر کراون، کە تاوانەکانیش بەم جۆرە بوون.
راوکردنی باڵندەی کێویی: 34 هاووڵاتی
راوکردنی ئاژەڵی کێویی: 14 هاووڵاتی
راوکردنی ماسی: 79 هاووڵاتی
داربڕین بۆ خەڵووز: 10 هاووڵاتی
لەسەر زێدەڕۆیی: 34 هاووڵاتی
بیرلێدان: 75 هاووڵاتی
داربڕین: 55 هاووڵاتی
کەوتنەوەی ئاگر: 10 هاووڵاتی
لە پارێزگای هەولێر 37 رووداوی سووتانی زەویی گەنم و جۆی جووتیاران تۆمار کراون
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای هەولێر 37 رووداوی سووتانی زەوی گەنم و جۆی جووتیاران تۆمار کراون کە زیانە مادییەکانیان گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار و25 ملیۆن دینار."
565 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراون
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 565 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و 61 رووداوی لافاو لە پارێزگاکە هەبوون و زیانە مادییەکان گەیشتوونەتە ملیارێک و 535 ملیۆن دینار.
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە شێوەیەکی باش پلانی خۆی جێبەجێ کردووە و کەمترین زەویی جووتیاران زیانی بەرکەوتووە، دەشڵێت، "ئەمساڵ تەنیا 72 دۆنم زەویی گەنم و جۆ سووتاون، ئەوەش کەمترین بڕی زەوییە بەراورد بە ساڵانی رابردوو سووتابێت."
بێوار عەبدولعەزیزی دەشڵێت، "24 تیمی بەرگریی شارستانی بەشێوەی گەڕۆک بڵاوکراونەتەوە و زەویوزاری جووتیاران و هاووڵاتییان لە سووتان دەپارێزن. ئەگەر هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە رووبدات، تیمەکان هەر زوو دەچنە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵی دەکەن، ئەوەش وایکردووە کەمترین زیان بە زەوی بگات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ