رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دوو کاروانی دیکەی حاجییان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە 10-07-2023 شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 7:50ی ئێوارە کاروانێکی حاجییان کە 192 حاجین لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان؛ کاژێر 9:50ی خولەکی شەویش کاروانێکی دیکە کە 142 حاجین هەر لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی نیاز نەقشبەندی، ئەو حاجییانە دانیشتووی پارێزگای سلێمانین و دەشڵێت، "گەڕانەوەی حاجییان تاوەکو 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت."
ئەمساڵ 4,685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی حەج چوونە مەککە، کە 690ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون. بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی بە 4,500 و بە وشکانیش بە 3,800 دۆلار دیاریکرابوو.
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانییش لە 12ی حوزەیران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.
رۆژی چوارشەممە، 05-07-2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 690 حاجی بوو بە رێگەی وشکانی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ