پۆستی قایمقامى خورماتوو دەچێتە پاکێجى دووەمى گفتوگۆى کوردەوە

10-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چارەنووسى پۆستى قایمقامى خورماتوو لەنێوان کورد و شیعە یەکلا نەکراوەتەوە و دەچێتە پاکێجى دووەمى گفتوگۆى نێوان یەکێتى و لایەنە شیعەکان. بە گوتەى ئەندامە کوردەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین، شیعەکان ئەو پۆستە بە بەرکەوتەى هەڵبژاردنى خۆیان دەزانن.
 
لە ساڵى 2017وە بەهۆى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، پۆستى قایمقامى قەزاى خورماتوو بەدەست کوردەوە نەماوە و هێشتا چارەنووسیى کارگێڕیی بەگوێرەى مادەى 140 یەکلا نەبووەتەوە.
 
لە پاکێجى یەکەمى گفتوگۆکاندا، یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى سەلاحەدینی پێدرا. مەلا حەسەن گەرمیانى، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى خورماتووى ئەو حیزبە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "پۆستى قایمقامى خورماتوو دەکەوێتە پاکێجى دووەمى گفتوگۆکانمان."
 
یەکێتى لە چوارچێوەى لیستى "جەماوەریى نیشتمانى" بەشداریى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى لە سەلاحەدین کرد و تاکە بەربژێرەکەى ئەندامێتى ئەنجوومەنى مسۆگەر کرد.
 
بەر لە رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، سێ پۆستى باڵاى خورماتوو لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى قەزاکە دابەش کرابوون، قایمقام بۆ کورد، سەرۆکى ئەنجوومەنى قەزا بۆ عەرەبی سوننە و بەڕێوەبەرى پۆلیس بۆ تورکمانى شیعە؛ ئێستا پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى قەزا نەماوە.
 
بە گوتەى مەلا حەسەن گەرمیانى، لە پاکێجى دووەمدا بەگوێرەى قەبارەى دەنگیان گفتوگۆ دەکەن بۆ وەرگرتنى پۆستەکان لەنێوان قایمقام و بەڕێوەبەرى پۆلیس، "بەگوێرەى واقیع و هێز لە گفتوگۆکاندا مامەڵە دەکرێت، ئەو خەمە هەڵدەگرین بۆ ئەو دەمە."
 
لە هەڵبژاردنى 2021ى پەرلەمانى عێراق، کورد یەک بەربژێرى لە سنوورەکە دەرچوو، ئەویش لە پشکى یەکێتی بوو. لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ساڵی 2023، بە سێ بەربژێرى کورد 13013 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام یەک کەسیان دەرچوو.
 
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لە پشکى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی(شیعە) پۆستى قایمقامى خورماتوو بە بەرکەوتەى هەڵبژاردنى خۆیان دەزانن."
 
6ى حوزەیران هەردوو قایمقامى نوێى سامەڕا و تکریت لە سنوورى سەلاحەدین سوێندى یاسایی دەستبەکاربوونیان خوارد. ئێستا پۆستى قایمقامى خورماتوو بەدەست رێکخراوى بەدرەوەیە.
 
یاسین داوودى گوتی، "گۆڕینى قایمقامەکان پەیوەست نییە بە ماوەیەکى دیاریکراوەوە، قایمقام هەبووە شەش مانگە دەستبەکار بووە، بەڵام گۆڕیومانە، هەشبووە 17 ساڵ ئەو پۆستەى بەدەستەوە بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.