وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان: سێ قوتابی بە تۆمەتی وێنەگرتنی پرسیار دەدرێنە دادگە

10-06-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای پرۆسەی تاقیکردنەوەکانەوە، سێ وێنەگرتنی پرسیار لە نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە هەبووە کە هەر ئەمڕۆ دوو لەو جۆرە لە وانەی بیرکاری تۆمارکراون، تەنیا لە تاقیکردنەوەی یەکەم و دووەمیش 24 حاڵەتی گزیکردن هەبووە. بریکاری وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: "ئەو 24 حاڵەتە 18ـەیان لە زانستی و شەشیان قوتابی وێژەیی بوون."
 
رۆژی شەممە، 10-06-2023 لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە وێنەگرتنی پرسیارەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کرد و گوتی: "سێ حاڵەتی وێنەگرتنی پرسیار هەبووە، یەکەم حاڵەت لە 3ـی ئەم مانگە بووە لە بابەتی مێژوو، شێوەزاری سۆرانی کە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابی ( ه ، ی ، م ، ش) لە ئامادەیی ( ک، ناحکومی."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی لیژنەی باڵای ئەزموونە گشیتییەکانی وەزارەتی پەروەردە، هەر ئەمڕۆ دوو وێنەگرتنی پرسیار هەبووە و دەڵێت: "وێنەی دووەم لە پرسیارەکانی بابەتی بیرکاری بووە لە شێوەزاری بادینی کە دەگەرێتەوە بۆ قوتابی ( د، ک، س، ف ). هەر ئەمڕۆ و هەر لە بابەتی بیرکاری لە شێوەزاری سۆرانی حالەتێکی دیکە هەبووە کە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابی (دەرەکی چاککردنی تێکرا) بە ناوی ( ا، ن، ک ، م م )."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەرامبەر هەر سێ حاڵەتی وێنەگرتنی پرسیارەکان، ریکاری یاساییان گرتووەتەبەر و دەڵێت: "ئەو پرسیارانەی کە بە شێوەزاری سۆرانییە لە کاتی وێنەگرتن تەنانەت خوێندنەوەشی زۆر زۆر ئەستەمە، بەڵام تەکنیکی ئێمە هەموو پرسیارێک دەناسێتەوە کە هی چ قوتابییەکە و لە چ هۆڵێکەو لە چ قوتابخانە و تەنانەت ئەو قوتابییە لە کوێدا دادەنیشێت."
 
لە 3ـی ئەم مانگەوە، تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکردووە، لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان دەڵێت: "بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو تۆمارکردنی گزیکردن بە بلووتووز و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، چەند حاڵەتێک هەبوون و هەموویان بە گزیی ئەژمارکراون و بێبەشکراون لە تاقیکردنەوەی ئەمساڵ بە خولی یەکەم و دووەمەوە. جگە لە ئەمرۆ کە ئامارەکەی شەو بە دروستی پێمان دەگات، لە تاقیکردنەوەی یەکەم و دووەم  24 حاڵەتی گزیکردن تۆمارکراون. ئەمەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمە لە 117 هەزار قوتابی."
 
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" ئەو 24 قوتابییە 18یان قوتابی زانستی و شەشیان وێژەیی بوون، جگە لەوانە لە سەرەتای تاقیکردنەوەکانەوە تائێستا، دوو قوتابی لە سلێمانی دەستگیرکراون کە پەیوەندییان بە باندەوە کردووە و لە رێگەی ئەوانەوە باندەکانیش دەستگیرکراون، لە ناوەندی هەولێریش قوتابییەک گزی کردووە و بلووتووزی هێناوەتە ژوورەوە، بەڵام تائێستا دەستگیرنەکراوە و هەڵاتووە."
 
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەر قوتابییەک گزی بکات یاخود وێنەی پرسیار بگرێت، هەر ئاشکرا دەکرێت، چونکە بەشێوەیەکی زۆر باش هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کۆنترۆڵکراون و رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە."
 
لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان داوا لە خوێندکاران دەکات دووربکەونەوە لە گزیکردن و دەڵێت: "دەستگیرکردنی باندەکانی فریودانی قوتابییان و خوێندکاران بەردەوامە و لە چەند رۆژی رابردوو هەر دوو ئاسایشی هەولێر و سلێمانی چەند باندێکی فریودەریان دەستگیرکردوە کە لەسەر داوای ئێمە ڕووبەڕووی دادگاکانیان کردوونەتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.