رووداو دیجیتاڵ
باوکی زیندانییەک دەڵێت کوڕەکەی لە زیندانی ئامەد ئەشکەنجەدراوە و سەرۆکی بارۆی ئامەدیش رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە سبەی شاندێکی پارێزەران سەردانی زیندانەکە دەکەن.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەرانی ئامەد) ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی نیسانی 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە میدیاکاندا هەواڵی ئەشکەنجەدانی زیندانییەکی کورد بڵاوبووەتەوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە راستی رووداوەکە سبەی دووشەممە 11ی نیسان شاندێکی پارێزەرانی بارۆی ئامەد سەردانی زیندانەکە دەکەن.
شێخموس ئایاز، کە هاونیشتمانییەکی شاری ئامەدی باکووری کوردستانە، ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی نیسانی 2022 قسەی بۆ میدیایەکی ناوخۆیی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، ئیبراهیم ئایازی کوڕی، کە لە زیندانی داخراوی ئامەد بەندکراوە "ئەشکەنجە دراوە".
شێخموس ئایاز دەڵێت، لە دوایین دیداری تەلەفۆنیدا لەگەڵ کوڕەکەی، کە مافی 10 خولەک قسەکردنی هەیە، لە خولەکی دووەمدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پچڕاوە.
باوکی ئەو زیندانییە ئاماژەی بەوەداوە، "کاتێک کوڕەکەم بە قورگی پڕ لە گریانەوە باسی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی بەڕێوەبەرایەتیی زیندانی ئامەدی دەکرد، پەیوەندییەکەی پچرا".
ئیبراهیم ئایاز بە شێخموس ئایازی باوکی گوتووە: "بەناوی پشکنین هەڵدەکوتنە سەر ژوورەکانیمن، کەلوپەلەکانمان تێکدەدەن، کاتێکیش ناڕەزایی دەردەبڕین، ئەشکەنجە دەدرێین".
ئیبراهیم ئایاز لە ساڵی 2020 ـەوە لەسەر گوتەی گەواهیدەرێكی شاراوە بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خراوەتە زیندانەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ