رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لەم مانگەوە پارەدانی بریکارەکان دەبێتە ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ پارەی بەشەخۆراک دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
رۆژی شەممە، 10-02-2024، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە لە پارێزگاکانی عێراق لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە جێبەجێکرا، بەڵام ئێمە پێرانەگەشتین، بۆیە بڕیارە لەم مانگەوە لەگەڵ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، پێشتر بریکارەکان سەردانی ئەوانیان دەکرد و پارەی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان بۆ بردن و ئەوانیش بۆ بانکێکی دیاریکراویان دەبرد کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆی دیاریکردبوون، بەڵام ئێستا بریکارەکان راستەوخۆ لە رێگەی ماستەکارتەوە پارەکان رەوانەی وەزارەت دەکەن.
دلێر عەبدولواحید، لەبارەی ئەو بریکارانەی کە ماستەر کارتیان نییە دەڵێت، "دەبێت ماستەرکارت دەربکەن یاخود سێ بریکار پێکەوە ماستەرکارتێک دەربکەن و پارەکە رەوانە بکەن، چونکە لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شوباتەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت."
تاوەکو ئێستا بەشەخۆراکی مانگی شوبات دابەشنەکراوە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر دەڵێت: "هێشتا هیچ بڕیایک بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شووبات نییە، دابەشکردنی مانگی یەک تەواوبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش مانگی رەمەزان دابەشدەکرێت ئەوکات رەنگە مانگی شووبات و رەمەزان پێکەوە دابەشبکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ