ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و هەناردەی نەوت کۆدەبێتەوە

10-01-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 10-01-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە و لەبارەی دوو بابەت گفتوگۆ دەکەن.
 
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە دەرەنجامی سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی، تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای گشتیی بوودجەی فیدڕالی، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پرۆژە و پێشنیازەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لەسەر ئەم پرسانە پێشکێشی حكومەتی فیدراڵی کردووە.
 
رۆژی شەممە، 06-01-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە سەردانی بەغدای کرد. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
 
لەبارەی سەردانی شاندەکە رۆژی سیشەممە 9ـی ئەم مانگە، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت، "گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن؛ ئامانجی سەرەکیمان لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانە لە ساڵی 2024دا و لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت."
 
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدابوو، تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگ (10، 11 و 12)ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم ساڵیش تائێستا ناڕوونە.
 
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەتە بە بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە رێكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (222) لە 7-6-2023 تایبەت بە دەستنیشانكردنی قەدەخەكراویی رێگا گشتییەكان، بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر رێگا، شەقام و شوێنە گشتییەكان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.