بەرەی تورکمانی دەستپێشخەریی "دیدگەی کەرکووک"ـی راگەیاند

10-01-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن بەرەی تورکمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەی تورکمانی عێراقی دەستپێشخەری دیدگەی کەرکووک 2024-2028ـی راگەیاند کە، شەش تەوەری لەخۆگرتووە، لە دابەشکردنی دەسەڵاتەوە دەستپێدەکات تاوەکو دۆخی رۆشنبیری و پێکەوەژیان و ئاشتی.
 
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکووک، دەقی دەستپێشخەریی "دیدگەی کەرکووک 2024-2028"ـی راگەیاند.  
 
لە سەرەتای راگەیێندراوەکەدا هاتووە بەرەی تورکمانی عێراقی "لە سۆنگەی بەرپرسیاریێتی نیشتمانی و رەچاوکردنی ئاڵنگارییە هەنووکییەکان، کە رووبەڕووی عێراق ناوچەکە دەبێتەوە، بۆ جێبەجێکردنی پێویستی خەڵکی کەرکووک، پێکهاتەی تورکمانی لە پارێزگای کەرکووک لە ژێر درووشمی، کەرکووک نموونەیەک لە پێکەوەژیان و هاوبەشیی و فرەیی رۆشنبیری؛ دەرفەتەک بۆ پەرەپێدان و ئاسۆیەکی گەشەسەندوو، دەستپێشخەریی دیدگەی کەرکووک 2024-2028ی رادەگەیێنێت."
 
راگەیێندراوەکەی بەرەی تورکمانی لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە ئێستا بەدواوە پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردییەکانی دیکەی کەرکووک لە ئاستی پەیوەندییەکان دیدار و کۆبوونەوەی بەردەوامیان دەبێت. عەرەب و تورکمانیش کە نزیکن لەوەی بچنە بەرەیەکەوە، ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانیان لەلا گرنگە.
 
لە بەشێکی دیدگەکەدا هاتووە "ئەو دەستپێشخەرییە سوورە لەسەر چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی، ئیداری، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیانی خۆش بۆ هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک لە تورکمان، کورد، عەرەب و مەسیحی بەبێ جیاکاری، ئاشتی کۆمەڵگەیی بەدیبهێت و پارێزگاری لە تەونی کۆمەڵگە بکرێت و خزمەتگوزاریی دابینبکرێت، بەشێوەیەک شایستەی خەڵکی پارێزگەکە بێت، بەپێی دەستوور و یاسا."
 
لە دەستپێشخەرییەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە، "دیدگەی کەرکووک، پلانێکی واقعییە، رەچاوی دەستوور و ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە رێگەی بەرنامەی وەزاریی و میکانزمێک، کە بتوانێت جێبەجێ بکرێت و کۆمەڵێک رێکار لەخۆدەگرێت بۆ راستکردنەوەی رێچکەی ئیداری، بەهێزکردنی دۆخی ئابووری، خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان."
  
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی حەسەن تۆراندا هاتووە "دەستپێشخەریی دیدگەی کەرکووک، دیدگەیەکی ستراتیژی و بەرنامەیەکی حکومییە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی پلانێک بێت لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و کارکردن بەپێی پێشینەکان و رەچاوکردنی ئاڵنگەرییە هەنووکەییەکان،  چڕکردنەوەی وزەی بەردەست و کارامەیی کەرکووکییەکان لە دەزگاکانی دەوڵەت بۆ پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لە هەموو کەرتە هەستیار و گرنگەکانی پەیوەندار بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، ئەوەش بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران (رێکردنی لەگەڵ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق) و، بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکان، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، چالاکی کۆمەڵایەتی  و هۆزایەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی و هۆکارەکانی راگەیاندن و شارەزا و لێهاتووان و دەستەبژێرەکان". 
 
دیدگەی کەرکووک شەش تەوەری لەخۆگرتووە کە بریتین لە:
 
یەکەم: دابەشکردنی دەسەڵات (جێبەجێکردنی ئیدارەی هاوبەش).
دووەم: ئاسایش و سەربازی.
سێیەم: زەوی کشتوکاڵی (ناکۆکییە خاوەندارییەتی).
چوارەم: ئابووری و وەبەرهێنان (خزمەتگوزاری، پرۆژەکان، کەرتی تەندروستی، کشتوکاڵ و پیشەسازی).
پێنجەم: وزە، نەوت، گواستنەوەی وشکانی و ئاسمانی.
شەشەم: رۆشنبیری ، گەشتوگوزار، پێکەوەژیان و ئاشتی مەدەنی.
 
بەرەی تورکمانی، چاویان لەوەیە پۆستی پارێزگار بکرێتە خول، دەڵێن، "بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن،" پێویستە سەرەتا ئەم پۆستە بدرێتە ئەوان. لایەنە عەرەبییەکانیش کە بە سێ لیست خاوەنی شەش کورسین، بە فەرمی رایانگەیاندووە دەبنە یەک فراکسیۆن و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کەسێکیان وەکو بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگار دیاریکردووە.
 
کورد بە حەوت کورسی لە بەرامبەر شەش کورسی عەرەب و 2 کورسی تورکمان و کورسییەکی کۆتا، زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووکی بەدەستهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بینای کارگەیەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ ئەرشیڤ

رێگری لە بازگەکانی عێراق و نرخی کارەبا بوونەتە هۆی داخستنی ژمارەیەک کارگەی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە 3500 کارگە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، بەهۆی رێگری لە چوونی بەرهەمی کارگەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق و بەرزیی نرخی کارەبا، کارکردن لە بەشێک لە کارگەکان وەستاوە