بەرەی تورکمانی: بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین

12-03-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن بەرەی تورکمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە حیزب و لایەنە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریانداوە بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەڵام بەرەی تورکمانی دەڵێت "تائێستا بڕیارمان بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکەدا."
 
سێشەممە، 12-03-2024، ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە رووداوی راگەیاند، "تائێستا بڕیاری بەرەی تورکمانی ئەوەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات و بڕیاری کۆتاییش مەکتەبی سیاسی دەیدات."
 
ئایدن مەعرووف گوتی "بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین، چونکە بایکۆتی هەڵبژاردنیش ئەگەرێکە و رەنگە رووبدات."
 
بەرەی تورکمانی، ساڵی 1995 لە شاری هەولێر دامەزراوە، بارەگای سەرەکیی لە شاری هەولێر بوو. ئەوکات لە پەیڕەوی نێوخۆیی حیزبەکەدا هاتبوو "هەرکاتێک دەرفەت رەخسا، بارەگای مەکتەبی سیاسی دەبردرێتە شاری کەرکووک". لە ساڵی 2003 و دوای رووخانی حکومەتی بەعس، بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی گواسترایەوە بۆ شاری کەرکووک، بەڵام لە ساڵی 2021ـەوە جارێکی دیکە بارەگایان لە هەولێر کردەوە.
 
بەرەی تورکمانی، خاوەنی کورسییەکە لە پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بە وەرگرتنی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بەشداری لەو کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا کردووە.
 
سێشەممە، 12-03-2024، محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوە و راوێژکردن لەنێوان حیزبە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان، بە کۆی دەنگ بڕیاریانداوە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت بکەن.
 
لە هەرێمی کوردستاندا، 11 حیزبی تورکمانی هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا شەش لەو حیزبانە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە