مقاوەمەی ئیسلامی: 11 هێرشمان کردوونەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

09-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت رایگەیاند، "لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر غەززە،" دوێنێ 11 جار هێرشیان کردوونەتە سەر بنکەی "داگیرکاری ئەمریکی" لە عێراق و سووریا.
 
رۆژی شەممە، 09-12-2023، گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەزە دەیانکات، دوێنێ 11 جار هێرشمان کردووەتە سەر چەندین بنکەی داگیرکاری ئەمریکا لە سووریا و عێراق و بە دەیان مووشەک و درۆن ئامانجەکانمان پێکاون."
 
مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت، "هێرشەکانمان بەرامبەر بە داگیرکار بەردەوام دەبێت تاوەکو دەرکردنی دوایین سەربازیان لە وڵاتەکەمان."  
 
رۆژی شەممە، 9-12-2023، یەحیا رەسوول عەبدوڵڵا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "بە رێنمایی و چاودێریی محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی لەدژی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و بارەگەی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوونی نزیک لەوێ روویاندا، تیمێکی کاری هاوبەش پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئەمنیی ئەو ناوچەیەی دەستدرێژییەکە تێیدا روویدا."
 
یەحیا رەسووڵ دەڵێت، "لەم چوارچێوەیەدا؛ ئەفسەر و ئەندامانی یەکە ئەمنییەکان و زاڵگەکانی ناوچەکە لەکارلادران و رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکانی لێکۆڵینەوە کران بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون، لەهەمان کاتدا بڕیاردرا فەوجێکی تایبەت شوێنی سەرۆکایەتی بگرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە ئەمنییەکە."
 
رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
 
ئێوارەی هەمان رۆژ، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، زنجیرەیەک هێرش کرانە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەیی دژی لە نزیکی جێگیرکراون. ئەو هێرشانەش جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیان نەبوو. 
 
لە یەکێک لە هێرشەکاندا، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی تەواونەکراوی چۆڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوت و تەقییەوە. 
 
ئەم جۆرە هێرشانەی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیادیان کردووە.
 
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41ـیان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.