رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە هەڵەبجە راگیرا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکە دەڵێت، هاونیشتمانییان "خواستیان لەسەر نەوت نییە" بۆیە دابەشکردنیان راگرتووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەفتەیە دووبارە داوای نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەکەن و ئەگەر هاونیشتمانییان خواستیان لەسەری هەبوو، ئەوا دەست بە دابەشکردنی دەکەنەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان راگیرا، چونکە هاونیشتمانییان ئامادە نەبوون یەک بەرمیل نەوت بە 103 هەزار دینار وەربگرن و چاوەڕوانی نەوتی حکومەتی عێراق بوون کە دەبوو 1ـی ئەم مانگە بگات و هەر بەرمیلێک بە 50 هەزار دینار بێت.
بەڵام لە 5ـی مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان دەستیپێکردەوە و ئێستا تەنیا لە هەڵەبجە دابەشکردن راگیراوە.
رۆژی شەممە، 03-12-2023، ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خواست لەسەر نەوت نییە بۆیە دابەشکردن راگیرا، ئەم هەفتەیە ئەگەر خواستی لەسەر بوو ئەوە داوای نەوت دەکەم و دووبارە دەست بە دابەشکردنی دەکەین، ئێمە دەمانەوێت کاتێک داوای نەوت بکەین کە خەڵک سوودی لێ ببینێت، نەک وەرینەگرن، چونکە مووچەش نییە؛ خەڵک توانای کڕینی نییە."
بەڕێوەبەرەکە راشیگەیاند: "ماوەکانی رابردوو کە نەوتمان دابەش دەکرد خاوەنی تانکەرەکان پەیوەندییان پێوەدەکردم و دەیانگوت، 'خەڵک نەوت وەرناگرن و دەڵێن وازمان لێ بهێنن'، بۆیە دابەشکردنمان راگرت ئێستاش خواست لەسەری کەمە. خەڵک هەیە نەوتی دەوێت، بەڵام ئێستا پارەی نییە بۆیە ناتوانێت وەریبگرێت."
تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 25 هەزار خێزان دابەشکراوە، کە لە بنەڕەتدا شەش ملیۆن و 200 هەزار لیتر دیاریکراوە، ئەمە وەک ژیار ئەکرەم باسی کرد.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، رۆژی شەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی بەردەوامە و لە بنکەی ژمارە سێین و ئەمڕۆ نزیکەی سێ هەزار ماڵ نەوتیان وەرگرتووە. ئەو ژمارەیە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو باشترە و خواست باشترە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم، بڵاویکردەوە، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 59 ملیۆن و 914 هەزار و 340 لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 32 ملیۆن و 287 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش 58 ملیۆن 955 هەزار و 400 لیتر نەوت دابەشکراوە، کە کۆی گشتی دەکاتە151 ملیۆن و 156 هەزار و 740 لیتر.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا 755 هەزار و 784 خێزان نەوتیان وەرگرتووە؛ هەروەها 532 هەزار و 162 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ