رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 25ـی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023 لە گۆڕستانی گوندی دارئۆڤاسی لە شارۆچكەی ئاندرن روویدا.
خەڵکێكی زۆر لە گۆڕستانی گوندەکە بۆ پرسەی کەسێک کۆببوونەوە تا نوێژی مردوو بکەن. لەو کاتەدا بارهەڵگرێک کە ئیستۆپی نەمابوو و لە رێگەی مەڕەش-ئاندرنەوە دەهات، دوای ئەوەی خۆی کێشا بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا کە لە کەناری رێگەکە وەستابوون خۆی کرد بە نێو خەڵکەکەدا. دواتر زوو چەند تیمێکی تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
موکەرەم ئونلولەر، پارێزگاری مەرەش رایگەیاند، "لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 25ـی دیکەش برینداربوون؛ دۆخی تەندروستی یەکێك لە بریندارەکان ناجێگیرە".
یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ