هەنگوینی کوردستان دەبێتە یەکەمی ئاسیا

09-08-2023
یەکەمبوونی هەنگوینی کوردستان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەنگوین لە سعودیە
یەکەمبوونی هەنگوینی کوردستان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەنگوین لە سعودیە
نیشانەکردن هەنگوین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
هێمن بابان رەحیم و بەختیار قادر 

هەنگوینی کوردستان لەنێو هەنگوینی وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێت "جارێکی دیکە هەنگوینی کوردستان سەرتۆپی هەنگوینی تۆمارکرد." بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: "بۆ هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان، داواکاریی ژمارەیەک وڵاتمان بەدەست گەیشتووە."
 
لە پانزەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەنگوین کە ئەمساڵ لە پارێزگای بلجریشیی شانشینی عەرەبیی سعودیە بەڕێوەدەچێت، هەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
رۆژی چوارشەممە، 9-8-2023، عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ پێشبڕکێکە بەرهەمی هەنگوینی چەند شار و شارۆچکەیەکی باشووری کوردستان کۆکرابووەوە و شاندێکی تۆڕی هەنگەوانان بەرهەمەکەیان بردە کێبڕکێکەوە لەنێو بەشداربووانی تەواوی وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی، هەنگوینی کوردستان لە نایابترینیان بوو، جارێکی دیکە سەرتۆپی بەرهەمی هەنگوینی تۆمار کرد."
 
فیستیڤاڵەکە رۆژی سێشەممە 8-8-2023 لەلایەن مەنسوور هیلال مشێتی، جێگری وەزیری ژینگە و ئاو و کشتوکاڵی سعودیەوە کرایەوە، لە فیستیڤاڵەکەدا 40 وڵات و 120 هەنگەوان بەشدارییان کردووە و ژمارەیەک لە هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵەکە بەشدارن.
 
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 9-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەنگوینی کوردستان جارێکی دیکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئەوە ناوبانگێکی گەورەیە و بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر داواکردنی هەنگوینی کوردستان و هەناردەکردنی دەبێت، کە ئێستا لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی و کەنداوەوە داواکاریی لەسەرە."
 
هیوا عەلی گوتی "لێژنەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان، ئێستا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و هەنگوینی کوردستان یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە هەناردە دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەوە وا دەکات بەرهەم زیاتر بێت و هاندانیشە بۆ هەنگەوانان."
 
دیاریکردنی باشترین هەنگوین لەو فیستیڤاڵە چەندین پێوەری هەیە، لەوانە کوالێتی، تام و رەنگ و چەندین بابەتی دیکە کە وردەکاریی چۆنیێتیی هەنگوین دیاریدەکات.
 
ساڵی 2009 بۆ یەکەم جار هەنگوینی کوردستان لە پاریسی فەرەنسا چووە نێو پێشبڕکێی باشترین هەنگوینی وڵاتان و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
لە هەرێمی کوردستان 17 هەزار هەنگەوان خاوەن 700 هەزار پورەنگن و بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 400 تۆن هەنگوینە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە