رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵی و خۆڵبارینەوە، ماڵباتی شاهانەی مێشهەنگ لە عێراق شێواوە، بەشێکی خاوەن هەنگەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما شانە هەنگەکانیان گواستەوەتەوە ناوچە فێنک و گونجاوەکان لە هەرێمی کوردستان.
هەنگەوانێکی وەکو زەینەب مەعمووری لە شارۆچکەی رەحالییە لە پارێزگەی ئەنبار هەرجار شانە هەنگەکەی بەرزدەکاتەوە، بێ هیوا دەبێت.
زەینەب دەڵێت، "چیت پێ بڵێم، یەکەم شت، کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایان لەسەرە، شاژن گەرا دانانێت و و بەتەواوی دەوەستێت، ئەمە کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە. سەبارەت بە خۆڵبارین، نیوەی هەنگەکان ناگەڕێنەوە شانەکانیان."
خاوەن هەنگەکانی رەحالییە ئەمساڵ بەشێکیان کە بینیان پلەی گەرما لە 50ی سیلیزی نزیک دەبێتەوە، بێ دوو دڵ هەنگەکانیان گواستەوە ناوچە فێنک و گونجاوەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە دوای ساڵی 2000 محەممەد عەلیاوی ساڵانە 20 بۆ 25 کگم هەنگوینی دەست دەکەوت؛ چەند ساڵێکە بۆ پێنج کیلۆ دابەزیوە.
عەلیاوی دەیزانی ئەگەر کارێک نەکات، رەنجی ئەمساڵی بە با دەچێت.
محەممەد عەلیاوی دەڵێت، "لە مانگی شەش یان حەوت، گوڵ و گوڵزار لە پارێزگای بابل نەما یان کەمی کرد؛ بۆیە ناچاربووین هەنگەکانمان ببەینە سلێمانی لە هەرێمی کوردستان."
شاژنە هەنگ تا چوار ساڵ دەژیت و کارکەرەکانیان تاوەکو 60 رۆژ، بەڵام گەرمای تاقەتپڕووکێن تەمەنی هەردووکیانی کەمکردووەتەوە.
لە ساڵی 2022 دا لە عێراق 870 تۆن هەنگوین بەرهەمهات، کەچی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی 850 تۆن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ