رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 51 پلەی سیلیزی. پزیشکێک کە پسپۆڕی تەندروستیی گشتییە، داوا لە کرێکاران و پیشەوەران دەکات، ئەگەر ناچار نەبن نەچنە دەرەوە. دەشڵێت، دوای کاژێر 9:00ـی بەیانی لەپێش خۆر نەبن بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیتامین دی، چونکە مەترسیدارە و دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.
رۆژی چوارشەممە، 09-08-2023، بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلەی گەرمای پێشبینیکراوی بۆ سبەی پێنجشەممە، 10ـی ئاب راگەیاند و گوتی، ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت و بەرزترین پلەی گەرما کە 51 پلەی سیلیزیە لە گەرمیان تۆماردەکرێت و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەرانە کە 33 پلە دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە رووداوی گوت، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەرزترین پلەی گەرمای ئەم وەرزەی هاوینیان تێدا تۆماردەکرێت، بەڵام لە 13ـی ئابەوە دۆخەکە جێگیر دەبێتەوە.
د. سەرخێل ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، هۆشداریی دەدات و دەڵێت، دەبێت هاووڵاتییان لەکاتی چوونە دەرەوە خۆیان بپارێزن.
د. سەرخێل ئاراس بە رووداوی گوت، "ئەگەر پلەی گەرما سەرووی 40 پلەی سیلیزی بێت، کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت، تاوەکو لەو پلەیە زیاتریش تۆماربکرێت کاریگەرییەکانیش زیاتر دەبن، بە نموونە تۆمارکردنی سەرووی 50 پلەی سیلیزی کاریگەری مەترسیداری دەبێت."
بە گوتەی ئەو پزیشکە، کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاتر لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 4:00ـی ئێوارەیە، چونکە تیشکی خۆر لەسەر زەوی بە ئاراستەی ستوونییە و دەڵێت، "ئەو کەسەی ئەو کاتانە بەرکەوتنی لەگەڵ خۆردا دەبێت، ئەگەری تووشبوونی بە هەندێک نەخۆشیی مەترسیدار دەبێت، یەکێک لەوانە شێرپەنجەی پێست یان بابەتێکی دیکە هەیە لە زانستی پزیشکی بە ناوی (sunstroke) کە بە کوردی خۆربردە یان گەرمابردە و نیشانەکانیشی بریتییە لە هۆشخۆچوون، بێهێزی، نەمانی بیر و لاوازی بیرکردنەوە."
وشکبوونەوە و وەستانی گورچیلەکان یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر تەندروستیی مرۆڤ. د. سەرخێل ئاراس دەڵێت، "ئەوانەی لەبەر خۆرن، تووشی ئارەقکردنەوە دەبن و هەموو شلەکانی لەشیان دێتە دەرەوە، تووشی وشکبوونەوە دەبن و رەنگە کاریگەری لەسەر گورچیلەیان هەبێت و ببێتە هۆکاری وەستانی گورچیلە. ئەوە جگە لەوەی چوونە بەر خۆر لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، جەڵتەی دڵیش زیاتر دەکات."
کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما:
- تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست
- زیادبوونی جەڵتەی دڵ
- وشکبوونەوەی گورچیلەکان
- بێ هێزی
- بوورانەوە
د. سەرخێل ئاراس هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان لەکاتی چوونە دەرەوە باشتر وایە کڵاو بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کاریگەری بەشێکی تیشکی خۆرەکە لەسەر پێستیان کەمببێتەوە. گوتیشی، باشتر وایە جلی قۆڵ درێژ لەبەر بکرێت بۆ ئەوەی خۆر لە پێستی مرۆڤەکە نەدات، چونکە رەنگە ببێتە هۆکاری سووتانی پێستەکە و پێویستە دژە خۆریش بەکاربهێندرێت.
بە گوتەی ئەو پزیشکە "نەریتێکی خراپ لەبارەی بەکارهێنانی دژە خۆر لەلایەن پیاوانەوە هەیە، دژە خۆر تەنیا بۆ خانمان نییە، پێویستە لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پیاوانیش دژە خۆر بەکاربهێنن، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی گەرماکە دەگۆڕدرێت بە نموونە دژەخۆری ئێسپی 50، 60 و 70 مان هەیە کە بۆ وەرزی هاوین پێویستە سەرووی 50 بەکاربهێنن."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی لە گەرمیان پلەی گەرما 51 پلەی سیلیزییە. د. سەرخێل ئاراس دەڵێت، "پلەی گەرمای 51 بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی بۆ ناوچەیەکی وەکو گەرمیان پلەیەکی زۆرە، بۆیە کرێکاران و بەگشتی هاووڵاتی ئەگەر ناچار نەبن نەچنە دەرەوە، ئەگەر بکرێت و کاریگەری لەسەر دەوامی فەرمانگاکانیش نەبێت بکرێتە پشوو باشترە."
زۆرجار لە وەرزی هاوین، هاونیشتمانییان و بەتایبەتی خانمان دژە خۆر بەکاردەهێنن و دەچنە پێش خۆر بە مەبەستی گۆڕینی رەنگیان بۆ رەنگێکی گەنمی و ئەسمەر، یاخود بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیتامین دی. ئەو پزیشکە دەڵێت، "با خانمان ئەو کارە نەکەن، چونکە نەک رەنگی پێستیان دەگۆڕدرێت، بەڵكو دەبرژێت و باشترە ئەو کاتانەش ڤیتامین دی لە خۆر وەرنەگرن."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی پێنجشەممە بەمشێوەیەیە:
- هەولێر:47 پلەى سیلیزى
- سلێمانی: 44 پلەى سیلیزى
- دهۆک: 46 پلەى سیلیزى
- کەرکووک: 49 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 46 پلەى سیلیزى
- زاخۆ: 47 پلەى سیلیزى
- سۆران: 44 پلەى سیلیزى
- حاجی ئۆمەران: 33 پلەى سیلیزى
- گەرمیان: 51 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ