رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق هەنگاوى دووەم بۆ بەیاساییکردنى قەرەبووى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد لە کەرکووک دەنێت، کە پەیوەندیدارن بە هەشت بڕیار و بە سەدان هەزار دۆنم مەزەندە دەکرێت. هەنگاوەکە بڕیارى دەستبەسەرداگرتن هەڵناوەشێنێتەوە بەڵکو قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە کۆبوونەوەى پێنجشەممەى پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ دەکرێت بە ناوى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە بە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
قەرەبووەکە ئەو موڵکانە دەگرێتەوە کە بەهۆى هەشت بڕیارى نێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 داگیرکراون.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو پڕۆژەیاسایەى خوێندنەوەى دووەمى بۆ دەکرێت تایبەتە بە زەوییە داگیرکراوەکانى کورد لە کەرکووک و هەندێک لە تورکمانەکانیش دەگرێتەوە، ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە کۆتایی بە رێگرى لە جووتیارانى کورد بهێنێت لە کارکردن لەسەر زەوییەکانیان".
تەنیا بڕیارى 369ـى ساڵى 1975 کە یەکێکە لەوانەى قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە، 130 هەزار دۆنم زەویى جووتیارانى کورد دەگرێتەوە کە داگیرکراون.
زەویى کورد لە کەرکووک بە سێ جۆر داگیرکراون؛ دەستبەرداگرتن، داگیرکردن و کوژاندنەوە. سەباح حەبیب دەڵێت: "تەنیا ئەوانەى بە کوژاندنەوە دەستیان بەسەردا گیراوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنمە".
بڕیارەکان بۆ گۆڕینى دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بووە، کورد و تورکمان لێی زەرەرمەند بوون، زۆربەى زەوییەکان کراون بە ناوى وەزارەتى کشتوکاڵەوە.
لە پڕۆژەیاساکەدا شێوازى قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بەهۆى ئەو بڕیارانەوە لە کەرکووک زەرەرمەند بوون.
ئەگەر کەسى زەرەرمەند لە کاتى دەرچوونى بڕیارى لێسەندنەوەى ئەو زەوییە لە کەرکووک بووبێت، جارێکى دیکە گرێبەستى کشتوکاڵى ئەو زەوییەى بۆ دەکرێتەوە، ئەگەر کەسى مافخوراو لەکاتى بڕیارەکە نیشتەجێى کەرکووک نەبووبێت، ئەویش لە زەویى ئەو شارە بە هەمان گرێبەست پێی دەدرێتەوە.
ئەو پڕۆژەیاسایە ئەو کەسانە قەرەبوو ناکاتەوە کە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس بە "زۆرەملێ" و بێ خواستى خۆیان قەرەبوو کراونەتەوە و زەوییەکانیان بۆ ناگەڕێندرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى پڕۆژەکە ئەو هەشت بڕیارە هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو لە برى ئەوە زیانمەندان قەرەبوو دەکرێنەوە.
هەنگاونانى پەرلەمان بە ئاراستەى پەسندکردنى ئەو یاسایە هاوکاتە لەگەڵ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى تایبەت بە وەرگرتنەوەى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد لە کەرکووک و قەزاى داقووق.
ئەو دوو سکاڵایە لە 4ـى حوزەیران لە لایەن دادگەى فیدراڵییەوە دانیشتنێکى دیکەى لەبارەوە دەکرێت، ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانى کەرکووک و داقووق پێشکێشیان کردووە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دۆسیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە دوو سکاڵاکەدا دوو بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى تێدایە کە داوامان کردووە هەڵبوەشێندرێتەوە. لە پڕۆژەیاساکەى پەرلەمان داواى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتوان کراوە، ئەگەر ئەو یاسایە پەسند بکرێت، زیانى بۆ دۆسیەکەى ئێمە دەبێت".
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە ساڵى 2012، ئەو هەشت بڕیارە بە تەواوى هەڵوەشێندراونەتەوە، لە ساڵى 2015 وەک پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمی بۆ کراوە، بەڵام پەسند نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ