رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند بەریتانیا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەبایەخەوە لێی دەڕوانێت، لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، ئەوان هانی حکومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان دەدەن و پێیانوایە حکومەتێکی یەکگرتوو، پێگەیەکی بەهێزی بەرامبەر بەغدا دەبێت.
رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت بەردەوامن لە پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگە، بەڵام بەریتانیا سوورە لەسەر ئەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، رۆزی کەیڤ بە رووداوی گوت، "پێموایە پەیوەندییەکە تەواو گەرم و دۆستانەیە. پەیوەندییەکی مێژوویی دوورودرێژ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا هەیە. پێموایە لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر فراوان و قووڵ بوون و سەردانەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئەیلوولی 2021 و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لە نیسانی رابردوودا بە شێوەیەکی مەزن یارمەتیی ئەمەیان داوە".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
دەقی هەڤپەینەکەی کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر
رووداو: دۆخی پەیوەندیی ئێستای بەریتانیا و هەرێمی کوردستان چۆن پێناسە دەکەیت؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: پێموایە پەیوەندییەکە تەواو گەرم و دۆستانەیە. پەیوەندییەکی مێژوویی دوورودرێژ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا هەیە. پێم وایە لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر فراوان و قووڵ بوون و، سەردانەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئەیلوولی 2021 و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لە نیسانی رابردوودا بە شێوەیەکی مەزن یارمەتیی ئەمەیان داوە. ئەوە دەرفەتێکی راستەقینە بوو بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێمە تا جەخت لە پابەندبوونمان بۆ پشتیوانیکردنی ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
رووداو: وەک کۆنسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر، چ پلانێکت بۆ زیاتر باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: من، خۆشحاڵم کە ئەو پەیوەندییانە هەر خۆیان زۆر باشن، بەڵام ئەوە دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ من، تا بەردەوام بم لە پتەوکردنیان و دروستکردنی پەیوەندیی نوێ و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی لێرەدا هەن. خۆت دەزانیت کە ئێمە زۆر زۆر پەیوەستین بە کارکردن لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و ئاسایش و مافی فرۆڤ. بۆیە ئەوە هەلی منە کە دڵنیاببمەوە لەوەی بتوانین تا ئەوەندەی بکرێت لە پەیوەندییەکەماندا ئەم کارە بکەین. ئێمە لە لایەنی کارە لەپێشینە هاوبەشەکانەوە پلانمان هەیە. هەر ئێستا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەسەر گرفتەکانی وەک بەدیجیتاڵکردن و دارایی و چاکسازیی کەرتی سەربازی کار دەکەین.
بە لای ئێمەوە پەروەردە هەر زۆر گرنگە و بە راستی خۆشحاڵین کە لێرە دەرفەتی خوێندنی باڵا هەیە، کە لەنێویاندا زانکۆی لەندەن هەیە و چاوەڕێیە لە کۆتایی ئەمساڵدا و لە مانگی ئەیلوول لێرە دەرگای خوێندن بکاتەوە. جا ئاشکرایە لەگەڵ ئەنجوومەنی بەریتانیدا کار لەسەر پەیوەندیی فەرهەنگی دەکەین. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو پەیوەندییە سیاسییانەن، کە زۆر گرنگن و، ئێمە بە راستی خۆشحاڵین کە لۆرد ئەحمەدی وەزیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقامان هەیە، کە چەند مانگ لەمەوبەر سەردانی کردبوو. هیوادارم لەو ماوەیەی لێرەم گەلێک سەردانی لە ئاستی باڵادا بکەم.
رووداو: ئاماژەت بە لە پێشترییەکان دا. کارە لەپێشینەکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان چین؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: خۆی ئێمە لە هەموو کەرتەکاندا کار دەکەین. ئاشکرایە لە لایەنی سیاسییەوە ئێمە دەمانەوێت هانی حکومەتێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بدەین کە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق پێگەیەکی باشی هەبێت. هەمیشە لە لایەنی ئابوورییەوە بە دوای دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێناندا دەگەڕێین و دەمانەوێت ئەو دەرفەتە ئابوورییانەی لێرە هەن، زیاتر و باشتریان بکەین، لەنێویشیاندا هەلی کار بەتایبەتی بۆ گەنجان. پێموایە لە لایەنی سەربازیشەوە، لە بەرنامەی چاکسازیی پێشمەرگە و مافەکانی مرۆڤدا کاردەکەین. خۆشبەختین لەسەر ژمارەیەک گرفتی مافەکانی مرۆڤ لێرە گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
رووداو: پێتوایە چ شتێك ماوە كە دەبێ بکرێت بۆ بەرەوپێشتربردنی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: پێموایە ئەوەی لە لایەنی پەیوەندییەکانمانەوە تەواو گرنگە ئەوەیە؛ بتوانین لەگەڵ حکومەتێکی یەکگرتووی جێگیری هەرێمی کوردستاندا کار بکەین. بۆیە بە راستی هیوادارم کە هەندێک لەو گرفتانەی لەم ساتەدا هەن، بتوانرێت چارەسەر بکرێن، چونکە هەتا حکومەت لێرە زیاتر یەکگرتوو بێت، بەهێزتر دەبێت و پەیوەندییەکانیشمان بەهێزتر دەبن.
رووداو: بەریتانیا بەشدارە لە پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەم پرۆسەیە بە دڵی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: راست دەکەیت. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، ئەمریکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا کار لەسەر بەرنامەی چاکسازیی پێشمەرگە دەکەین. بەڕاستی ئەوە لە لایەنی سەقامگیریی فراوانتری ناوچەییەوە بۆ ئێمە گرنگە کە دڵنیا بین لەوەی پشتیوانیی پێشمەرگە بکەین و راوێژیان بدەینێ تاوەکو بتوانن ببنە هێزێکی شەڕکەری بەردەوام و بەهێز. بەڵام ئەوە مانای وایە کە پێویستە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە ژێر فەرمان و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە. ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە و هاوپەیمانەکانماندا لە کارکردن لەسەر ئەوە، بەردەوام دەبین.
رووداو: ئایا داعش هێشتا لەلایەن بەریتانیاوە وەک هەڕەشە دەبینرێت، یان پێتان وایە چیدیکە ئەوەندە هەڕەشەیەکی گەورە نییە؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: بە داخەوە هێشتا لێرە مەترسیی داعش هەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە فراوانتر بۆ سەر عێراق و ناوچەکە و هەروەها بۆ سەر بەریتانیایش. بەریتانیا شانازی دەکات کە بەشێکین لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و لە نزیکەوە لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کار دەکەین بۆ ئەوەی داعش بشکێنین. دەمانەوێت دڵنیاببینەوە کە ناتوانن ئەو تاوانانە بکەن کە پێشتر کردوویانن و خەڵکی ئێرە ئەزموونیان کردوون. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت؛ سەقامگیری و ئاسایشە لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: وەک دەزانیت، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کۆمپانیای گۆڵف کێستۆنی بەریتانی کە لە بۆرسەی لەندەن تۆمارکراوە و لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد، رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا و ئێستا زیانی بەرکەوتووە. پرسیارەکەم ئەوەیە؛ بەریتانیا چۆن دەڕوانێتە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: پێموایە دەبێت تۆش ئاگادار بیت کە لە هەوڵەکانماندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە راستیدا سیاسەتی وزەی بەریتانیا لە سووتەمەنیی لە زەوی دەرهێنراو دوور دەکەوێتەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە لێرە لە هەرێمی کوردستان درک بە گرنگیی پیشەسازیی نەوت دەکەین. ئێمە زۆر هیوا دەخوازین بەزووترین کات چارەسەرێکی بەردەوام و تەکنیکیی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، کە بۆ هەموو لایەنەکان کردەیی بێت و لە لایەنی گەشانەوەی ئابووریی هەرێمەکەوە گرنگی بە پیشەسازیی نەوت بدات.
رووداو: بەریتانیا چ کارێکی کردووە و دەکات بۆ نێوانگیریی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و نەهێشتنی ئەو کێشانەی ئێستا لەنێوانیاندا هەن؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: لەسەر ئەم دوو حکومەتە پێویستە ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەم کێشەیە و هەر ناکۆکییەکی دیکە کە دەکرێت هەبن، چارەسەر بکەن. پێموایە ئێمە دەمانەوێت بە زووترین کات ئەو چارەسەرە تەکنیکییە یاسایی و بەردەوامە ببینین، کە بۆ هەموو لایەنەکان کردەیی بێت. ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەکەی بەغدامان کار دەکەین و بەردەوام دەبین لە راوێژکردن و پشتیوانیکردن بۆ ئەوەی بتوانرێت رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە.
رووداو: چۆن دەڕواننە دۆخی مافی ئافرەتان و ئازادی راگەیاندن و مافی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: وا بزانم دەزانیت کە مافەکانی مرۆڤ بۆ حکومەتی بەریتانیا زۆر گرنگن. پێم وایە ئێستا لە 30ـەمین ساڵیادی رۆژی ئازادیی رۆژنامەگەریدا، بە راستی ئازادی راگەیاندن بایەخێکی گرنگی بۆ حکومەتی بەریتانیا هەیە. ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانیی ئازادیی راگەیاندنین، کە راگەیاندنکاران دەپارێزێت و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی خەڵک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەتی ئەگەر ببنە رێگر بۆ کارێک کە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن هەوڵبدەن بیکەن. ئێمە ئازادیی راگەیاندن بە بەشێکی دانەبڕاو لە دیموکراسی دەزانین و وا لە خەڵک دەکات بەرپرسیاریێتی هەڵبگرێت، بەڵام وا لە خەڵکیش دەکات دەرفەتیان هەبێت لە بارەی بابەتە گرنگەکانەوە تێڕوانین و بۆچوونیان هەبێت.
پێموایە لەو ماوە کورتەی لێرەم لە هەرێمی کوردستان، بەو نموونانەی پێکەوەژیان کە لە کۆمەڵگەی ئێرەدا هەیە، سەرم سووڕما کە دەزانم چەندین سەدەیە بەمجۆرە بووە. پێم وایە لە لایەنی کێشەکانی ئازادیی ئایینی یان بیروباوەڕەوە پشتیوانیکردنی پێکهاتەکان نموونەیەکی گەورەیە و پێویستە زۆر فراوانتر لە سەرانسەری دنیادا و بە شێوەیەکی جیهانی بەش بکرێت. وا بزانم هەموومان دەزانین لە لایەنی مافەکانی ئافرەتان و یەکسانیی جێندەرییەوە زۆر شت هەن کە بکرێن.
من لە نزیکەوە لەگەڵ دکتۆر خانزاد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و کۆمەڵگەی مەدەنی و یووئێن کارم کردووە. هەوڵدەدەین سەیر بکەین و بزانین لەم بوارەدا دەتوانین پێکەوە چیی زیاتر بکەین. بەم دواییانە بەریتانیا ستراتیژیی ژنان و کچانی دەستپێکرد کە زۆر زیاتر سەرنجی لەسەر پەروەردەی کچان و بەهێزکردنی ژنان و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی دژی ئافرەتانە، بۆیە ئێمە حەزدەکەین لەگەڵ خەڵکی ئێرە کاربکەین تاوەکو لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی سێکسیدا هەوڵبدەن و پێشبکەون.
رووداو: با بچینە سەر هەڵبژاردنەکان. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردن دواکەوتووە. رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام گومان هەیە، کە بەهۆی ئەم ناکۆکیانەوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. ئێوە چۆن دەڕواننە دواکەوتنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: ئێمە نامانەوێت دواکەوتنی زیاتر ببینین. ئاشکرایە کە پار هەڵبژاردن دواخراوە. پێم وایە ئێمە و هاوڕێیانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەدا تەواو روونین کە دەمانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئازادانە و دادپەروەرانە و گشتگیر بێت. بۆیە لەگەڵ هەموو سەرکردە سیاسییەکان و پەرلەمانتاراندا دادەنیشین تاوەکو دیدگامانیان بۆ روون بکەینەوە. هەر بە راستی هیوادارین بە زوویی دەستوبردی لێ بکرێت.
رووداو: ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی نایاسایی بۆ بەریتانیا کۆچ دەکەن. ئێستا تۆ لە هەرێمی کوردستانیت، دەتەوێت چی بەو گەنجانە بڵێت؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: ئێمە دەمانەوێت بزانن کە کۆچی نایاسایی هەر زۆر مەترسیدارە. گەنجان ژیان و داراییان دەخەنە مەترسییەوە. کۆچی نایاسایی دەکەن بۆ بەریتانیا، لەنێویشیاندا بە بەلەم دەپەڕنەوە. تاوانباران و چەتە مرۆڤڕفێنەکان زۆر جار لە بارەی ئاسۆی داهاتووەوە درۆ دەکەن، کە دەڵێن کۆچی نایاسایی بۆیان دابین دەکات. ئەوە بۆیە ئێمە زۆر سەرنجمان لەسەر ئەوەیە لێرە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی کار باشتر بکەین. بەرنامەی بژێوییشمان هەیە کە لێرە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و بەشێک لە کارەکەم ئەوەیە بازرگانی بەرەوپێش ببەم و هانی کۆمپانیا بەریتانییەکان بدەم لیرە وەبەرهێنان بکەن و کار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنن کە داهاتوون.
رووداو: بەریتانیا ئەم ساڵ لە چوارچێوەی بەرنامەکانیدا هیچ دەرفەتی خوێندن و کار لە بەریتانیا بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: بەڵێ دەیکەین. ئێمە سکۆلەرشیپی چیڤنینمان هەیە کە زۆر شانازیی پێوە دەکەین و ئەمساڵ دەچێتە 40ـەمین ساڵیادیەوە. پرۆگرامی چیڤنین دەرفەت بۆ سەرکردەکانی داهاتوو و خاوەن بیرۆکەکان دەڕەخسێنێت کە ماستەر لە بەریتانیا بخوێنن و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. پار 11 خوێندکاری زیرەکمان هەبوو بۆ خوێندن چوون. ئێستا بۆ ئەمساڵ لە هەنگاوەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی خەڵکداین و بەم زووانە ئەو بەربژێرانە رادەگەیەنین کە سەرکەوتوو بوون. پیموایە ئەگەر خەڵک حەزیان لە سکۆلەرشیپی پرۆگرامی چیڤنین بێت، ئەوا بە راستی هانیاندەدەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەماندا ناو تۆماربکەن و چاودێری بکەن کە چ کاتێک خۆتۆمارکردنی دواتر رادەگەیەنرێت.
رووداو: با تۆزێک قسە لەسەر ژیانت لە هەولێر بکەین. پار پلەكانی گەرما بۆ یەكەم جار لە بەریتانیا گەیشتنە 40 پلە و شتێكی سەیر بوو بۆ هەمووان. ئێستا تۆ لە هەولێری و پلەكانی گەرما لە هاویندا بە ئاسایی دەگاتە 50 پلە. چۆن خۆت لەگەڵ گەرمای هەولێر دەگونجێنی؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: راستییەکەی پار ئەو شەپۆلە گەرمایە لە لەندەن و تەواوی وڵاتدا مایەی تاسان بوو و ئەوەی دەرخست کە پێویستە چۆن زیاتر خۆمان لەگەڵ ئەم رووداوانەی کەشوهەوادا بگونجێنین کە ئیدی بەهۆی کاریگەرییەکانی ئاوهەواوە زیاتر دەبینین. پێموایە لەو کاتەوەی لێرەم، هێشتا گەرمایەکی لە رادەبەدەر نەبووە...
رووداو: بەڕێوەیە ...
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: ... هەرچەندە چەند جارێک باسیان کردووە، بەڵام ئەم کەشەی ئێستام پێ خۆشە. جا دەشزانم هەر زۆر زۆر گەرم دەکات و پێم وایە بۆ من بیرخەرەوەیەکە، کە زۆر حەزدەکەم زیاتر لە بارەی پلانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوە و خۆڕاگرییەوە فێر ببم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیگرێتەبەر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ رووداوە بەهێزەکانی کەشوهەوا، وەک پلەی گەرمای زۆر بەرز و لافاوی لەناکاو.
رووداو: تا ئێستا چ شتێكی كوردستان سەرنجی راكێشاوی؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: وای، نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم. شوێنێکی خەیاڵییە بۆ ژیان. زۆر بەختەوەرم کە کاتەکانم لێرە بەسەردەبەم. پێموایە بینینی کەسانیک کە زۆر گەرموگوڕ و رووخۆش و میواندۆستن و، خواردنی ئەو چێشتە خۆشانەتان و دەرفەتی گەشتکردن بە هەرێمەکەدا و بینینی زۆر شوێنی جوان و زیاتر فێربوونی مێژووەکەتان، سەرنجڕاکێشە.
رووداو: خواردنی كوردیت خواردووە؟ ئەگەر خواردووتە چ خواردنێکت بە دڵ بووە؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: هەر زۆر حەزم لە دۆڵمەیە. ئینجا دەمودانێکی زۆر باشی شیرینیم هەیە و شیرینیخۆرێکی باشم بە تایبەتی ئەو هەموو شیرینییە خۆشەی ئێوەیش. بەڵام هەوڵدەدەم خواردنم سنووردار بکەم.
رووداو: لەرووی سرووشتەوە كوردستان دیمەنی دڵڕفێنی هەیە کە رەنگە کەمێکیت بینیبێت، پێتوایە بکرێت هەرێمی کوردستان بکرێتە شوێنێک بۆ گەشتیارانی بەریتانی؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: خۆی بەم دواییانە ئێمە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانمان بۆ گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان کەمکردەوە، بەڵام لەمساتەدا پێشنیاز ناکەین گەشتیارانی بەریتانی بۆ ئێرە بێن. ئەوەی بە راستی دەمانەوێت، ئەوەیە کە هەرێمێکی پارێزراو و سەقامگیر و جێگیر هەبێت، لەکاتێکدا ئێستا ژینگەیەکی زۆر لەبارە بۆ ئەوەی وا لە تیرۆریستان بکات بێنە ئێرە. بەراستی هیوادارم گەشتیار بێن، چونکە شتانێکی زۆرهەن کە بۆ گەشتیاری بەریتانی سەرنجڕاکێش دەبن بیانبینن.
رووداو: پێتوایە کوردستان ببێتە یەكێک لەو شوێنانەی هەرگیز لەبیری نەکەی؟
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: نازانم چۆن رێی تێ دەچێت لەبیری بکەم! تا ئێستا ئەزموونێکی زۆر خەیاڵی بووە، بەڵام هێشتا بەرنامەم دانەناوە بۆ هیچ شوێنیک بچم، گەرچی کاتی زۆرم بۆ گەشت و بینینی هەرێمەکە و چاوپێکەوتنی خەڵک و فێربوونی مێژوو و فەرهەنگتان هەیە بۆ ئەوەی یادگارییەکەی خۆش دروست بکەم.
رووداو: رۆزی کەیڤ، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر. زۆر سوپاس. سوپاس بۆ ئەم دیدارە.
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ