رووداو دیجیتاڵ
رەنگە زۆربەی رۆژ لە شەقام و ترافیک لایتەکان ماتۆڕسوارەکان ببینیت کە بە خێراییەکی زۆر بە بەردەم کامێراکانی چاودێریدا تێدەپەڕن و لە کامێرای تیژڕۆیی دەدەن، بەڵام سزاکە نایانگرێتەوە، چونکە زۆربەیان تۆمارنەکراون و هیچ مامەڵە و مۆڵەتێکیان نییە.
نەبەستنی کەلوپەلی سەلامەتی و خۆپاراستن لەلایەن ماتۆڕسوارەکان، جێبەجێنەکردنی یاسا و رێنوێنییەکانی هاتووچۆ، دەنگی زۆر و بە قاچاخ هاوردەکردنیان نیشانە سەرەکییەکانی کێشەی ماتۆڕسکیلەکانن لە هەرێمی کوردستان.
بەدواداچوونی رووداو دەریخستووە کە ماتۆڕسوارەکان لە هیچ ترافیکێک ناوەستن، یان وەستانیان بە گوێرەی مەرام و ویستی خۆیانە نەک جێبەجێکردنی یاسا.
یاسا نایانگرێتەوە، مەترسین بۆ سەر خۆیان و خەڵکیش
کامێرامانی رووداو لە هەولێر دیمەنی تۆمارکردووە کە ماتۆڕسوارەکان لە ترافیک لایت ناوەستن، لە دەرفەت دەگەڕێن و دواتر دەڕۆن، پۆلیسی هاتووچۆ ناتوانێ سزایان بدات، چونکە یاساکان ئەوان ناگرنەوە، بەوهۆیەشەوە زۆرجار دەبنە دەردەسەری بۆ خۆیان و خەڵکیش.
رێباز گەنجێکە لە هەولێر کە ماتۆڕ سێ جار خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلە نوێیەکەیدا، ناچار دەیفرۆشێتەوە و دەڵێت هەر سێ رووداوەکە ماتۆڕسکیلەکان کاتێک سەرپێچییان دەکرد، خۆیان پێیدا کێشاوە. رێباز دەڵێت، "لە هەفتەیەکدا دوو جار ماتۆڕسکیل خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەمدا کێشا، ماتۆڕسوارێکیان هەر نەوەستا، هەندێک قسەی کرد و رۆیشت.''
زۆربەی ئەو ماتۆڕانەی بە کامێرای رووداو تۆمارکراون لە شەقامدا، نە لە ترافیک لایت دەوەستن، نە مەرجی سەلامەتیشیان هەیە، هەندێكیشیان تایەی پێشەوەی بەرزدەکەنەوە و نمایشی پێدەکەن.
"با حکومەت رەقەم و مۆڵەتیان پێبدات، هەمان سزای ئۆتۆمبێل بیانگرێتەوە"
ئەو ماتۆڕانەی بێ مۆڵەتن خەڵکیان بێزارکردووە، بەهۆی دەستکاریکردنیان و بەرزکردنەوەی دەنگەکەیان. مام خەلیل شۆفێری تاکسییە، دەڵێت، "با حکومەت رەقەم و مۆڵەتیان پێبدات، هەمان سزای ئۆتۆمبێل بیانگرێتەوە."
ئەوانەی لە رووداو قسەیان کردووە دەڵێن، نەبوونی سەلامەتی کێشەیەکی سەرەکییە بۆ ماتۆڕسوارەکان، چونکە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان نییە و هەر چۆنێک بەر ئۆتۆمبێل بکەون، خۆیان و خاوەن ئۆتۆمبێلیش زیانیان پێ دەگات.
ماتۆڕ لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت و رێنوێنی جێبەجێ ناکرێت
15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان ماتۆڕ تۆمارناکرێن، زۆربەی ئەوانەی دەهێنرێن بە قاچاخ هاوردە دەکرێن و لێرە پارچەکانیان دەبەسترێت. تەنیا لە ساڵی 2024 نزیکەی 50 تۆن پارچەی ماتۆڕ هێنراوەتە نێو هەرێمی کوردستان، نزیکەی 333 ماتۆڕ بە قاچاخ هێنراون، هەروەها 2200 ماتۆڕ بە فەرمی هاوردەکراون.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ماتۆڕسکیل تۆماردەکرێت و ساڵیانەی پێ دەدرێت بۆ رێکخستنەوەیان لە شەقام بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەڵام کێشەی ئەو ماتۆڕسکیلانە جێبەجێنەکردن و گوێنەدانە بە یاسا و رێنوێنییەکان.
ئەو وڵاتانەی خاوەن سیستمی رێکوپێکی لێخوڕینی ماتۆرڕ و رێکخستنەوەین:
ژاپۆن
- سیستمێکی رێکوپێکی هەیە بۆ مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل
- یاساکانی هاتووچۆ زۆر روون و بەهێزن
- خاوەنی ژێرخانێکی باشە بۆ ماتۆڕسکیل
ئەڵمانیا
- یاسای تووندی هەیە بۆ پاراستنی سەلامەتی
- سیستمی فێرکردن و مۆڵەتدان زۆر پێشکەوتووە
- رێگەکانی باش دروستکراون بۆ ماتۆڕسکیل
سوێد
- گرنگی زۆر دەدات بە سەلامەتیی ماتۆڕسواران و شۆفێری دیکە
- یاساکانی رێکوپێک و روونن
- خولی فێربوونی پێشکەوتوو
هۆڵەندا
- ژێرخانێکی تایبەت بۆ ماتۆڕسکیل
- یاسای گونجاو بۆ پاراستنی مافی لێخوڕەران
- سیستمی هاتووچۆی رێکخراو بەشێوەیەکی زۆر باش
وڵاتە پێشکەوتووەکان بەگشتی لەو بوارەدا یاسای روون و دیاریکراویان هەیە، گرنگی بە سەلامەتی دەدەن، خاوەنی ژێرخانی باشن و سیستمی فێرکردن و مۆڵەتدانیان پێشکەوتووە کە پێویستە هەرێمی کوردستان چاویان لێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ