رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی حیزبی شیوعی کوردستانی کرد. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "هاوپەیمانیی لایەنی عەرەبی چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە دەبێت کوردیش دەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی بکات."
رۆژی سێشەممە 09-01-2024 لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، یەکێتیی سەردانی حیزبی شیوعی کوردستانی کرد و ئەمە یەکەم سەردانی یەکێتییە بۆ لای لایەنەکان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک. هەر ئەمڕۆ یەکێتی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکات.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ حیزبی شیوعی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەردانی حیزبی شیوعیمان کرد، چونکە وەکو هاوپەیمان، ئەمە سەرکەوتنی هەردوولامانە، سەرکەوتنی هەموو کوردە، برادەرانی مەڵبەندیشمان راسپاردووە سەردانی حیزب و لایەنەکانی دیکەش بکەن، سەرەڕای ئەوەی نەمانتوانی یەک لیست بین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێستا خۆمان رێکبخەینەوە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بە زووترین کات ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان پەسندبکات بۆ ئەوەی حکومەتی خۆجێی پێبهێندرێت و هەموو کێشەکانی کەرکووک لە رێگەی ئەنجوومەنەوە چارەسەر بکرێن.
بە گوتەی ئاسۆ مامەند، هاوپەیمانیێتی لایەنی عەرەبی چاوەڕواننەکراوە بووە و دەبێت کوردیش دەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی بکات. دەشڵێت "داوای کۆبوونەوە و گفتوگۆمان کردووە و دەیکەین، ئەوەی پەیوەندیی بە کۆبوونەوە بێت لەگەڵ پارتیش ئەوە مەڵبەندە داوامان کردووە سەردانیان بکەن و پێویستە لەبارەی کێشەی گەڕەکی نەورۆزیش کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بکرێت. تەنانەت داوامان کردووە کۆبوونەوەکە لە خیوەتەکەی گەڕەکی نەورۆز بێت بۆ ئەوەی پەیامەکەمان لەوێوە بگەیەنین."
لەبارەی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی "وەکو شایستە بێت یەکێتی کورسی لە هەموو لایەنەکان زیاترە، کۆتاش بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانیمان لەگەڵدا دەکەن، واتا تەنیا کورد هەژمار بکەین ئەوە حەوت کورسی +1ـمان هەیە و پۆستی پارێزگار بە مافی خۆمان دەزانین و مافی کوردە."
بەگوتەی ئاسۆ مامەند، ئەگەر پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت ئەوە دەتوانرێت رێگری لە هەندێک نووسراو بکرێت، کە ئێستا دەکرێن. دەشڵێت "بە نموونە ئەوەی گەڕەکی نەورۆز کە دەزانن لە کوێوە دەرچووە، کێشەی زەویوزارەکانیش نووسراو لە پارێزگاوە بۆ کشتوکاڵ و لایەنی ئەمنییەوە رۆشتووە، بۆیە پارێزگار کورد بێت، باشترە، بەڵام چاومان لەوەش نییە ناهەقی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکدا بکەین و بڕوامان بە شەراکەتی راستەقینە هەیە."
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئێوارەی رۆژی 28-12-2023 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆی 16 کورسیی ئەنجوومەنەکە پێنج کورسی بەدەستهێنا، پارتی دوو کورسی، هاوپەیمانیی عەرەبی سێ کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی، عرووبە یەک کورسی، قیادە دوو کورسی و کریستیان یەک کورسی بەدەستهێنا.
بۆ دانانی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد 7 کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، بۆ دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە دوو دەنگی دیکەیە، بەربژێرە سەرکەوتووەکەی کریستیان کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، ئەگەر ئەویش یەکلا بێتەوە و پشتیوانی کورد بکات، هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ