رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو و ناوەندەکەی پارێزگای مەڕەش بوو، 18 هاووڵاتی سوورییان بە تۆمەتی ئەندامیێتیی داعش دەستگیرکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی مەڕەش دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندامیێتیی داعش فەرمانی گرتنی بۆ 18 هاووڵاتی سووری دەرکرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی مەڕەش، دیلۆک و کیلیسی باکووری کوردستان و قەیسەری و هاتای تورکیا لە یەک کاتدا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان.
لە پارێزگای مەڕەش 11 کەس، لە هاتای سێ کەس، لە دیلۆک دوو کەس و لە هەریەک لە کیلیس و قەیسەری یەک کەس دەستگیرکران.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی 18 کەسە دەستگیرکراوەکە رەوانەی دادگە کران و لەلایەن دادگەوە بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش خرانە زیندانەوە.
هێزە ئەمنییەکان لە ئەنجامی پشکنینی ناونیشانی دەستگیرکراوەکاندا، دەستیانگرتووە بەسەر 24 مۆبایل و 19 سیمکارت و کۆمپیوتەرێک و چەند کەلوپەلێکی دیکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ