لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا قوتابییانی 12ـی ئامادەیی دەوام دەکەن

08-11-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تەنیا دەوامی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکردووە، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایانی پۆلەکانی دیکەش بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
 
13ـی ئەیلوول خوێندنی وەرزی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە.
 
لە سلێمانی هێشتا روون نییە جگە لە 12ـی ئامادەیی کەی دەوامی پۆلەکانی دیکە دەستپێدەکات
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، لە سلێمانی بەشێکی زۆری قوتابخانەکان تەنیا پۆلی 12 تێیاندا خوێندن هەیە و چارەنووسی پۆلەکانی دیکە دیار نییە.
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، پەروەردەی سلێمانی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام و ناوە ناوە کۆبوونەوەی جۆراوجۆر دەکرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
 
لە سنووری سلێمانی شەش هەزار و 368 وانەبێژ هەن کە چوار هەزار و 716 مێ و هەزار و 652 نێرن؛ هاوکات 29 هەزار و 505 مامۆستای میلاک و فەرمانبەر هەن کە 19 هەزار و 441 مێ و 10 هەزار و 64 نێرن.
 
لە گەرمیان هەوڵ هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن
 
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەموو قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 17ـی ئەیلوولەوە دەوام دەکەن، بەڵام ئەوانی دیکە تاوەکو ئێستا دەوام نییە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان، لە سنوورەکەیاندا 400 قوتابخانە هەن. لەبارەی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ ناوەندەکانی خوێندنیش دەڵێت، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە".
 
نەبەرد ئەحمەد، نوێنەرێکی مامۆستایانی میلاک لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو مامۆستایانی میلاک تاوەکو ئێستا لەگەڵ پەروەردە دانەنیشتووین و رەنگە لەگەڵ بەرێوەبەری قوتابخانەکان گفتوگۆیان کردبێت".
 
بە گوتەی نەبەرد ئەحمەد، ئەوان هیچ بڕیارێکی گەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن نەداوە و دەڵێت، "حکومەت بە هیچ شێوەیەک نەهاتووەتە پێشەوە تاوەکو گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت و هیچ یەکێک لە داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراون".
 
نەبەرد ئەحمەد دەڵێت، "هەندێک داواکاری هەن بەدەر لە مووچە حکومەت دەتوانێت جێبەجێیان بکات. بۆ نموونە، دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان. 20 ساڵە مامۆستام و خاوەنی خانوو نیم".
 
لە پارێزگای هەڵەبجە روون نییە کەی دەوام دەستپێدەکات
 
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 18 قوتابخانەی ئامادەیی لە سنووری پارێزگاکەدا هەن کە تەنیا دوو قوتابخانە دەوامیان تێدا نییە و ئەوانی دیکە کراوەن، بەڵام لە هەموویاندا تەنیا پۆلی 12ـی ئامادەیی دەخوێنن.
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی پۆلەکانی دیکە، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە گوتی، هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی مامۆستایان دراوە و هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام هێشتا هیچ روون نییە کەی دەست بە دەوام دەکەنەوە.
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەڵەبجە 151 قوتابخانە هەن کە هەشتیان ناحکومین. دلێر مەحموود، بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک لە هەوڵداین و گفتوگۆمان لەگەڵیان کردووە بۆ ئەوەی بگەرێنەوە قوتابخانەکان، بەڵام زۆر لە هیچ مامۆستایەک ناکەین".
 
لە هەڵەبجە 273 وانەبێژ و نزیکەی 4200 مامۆستای میلاک هەن.
 
بە گوتەی دلێر مەحموود، ئەوان لە رێگەی حیزبەکانیشەوە لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن و دەڵێت، "لەگەڵ یەکێتی و لایەنە ئیسلامییەکان و پارتی گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی بگەرێنەوە. هەموویان رەتیدەکەنەوە کە وەکو حیزب پشتگیری لە بایکۆتی مامۆستایان بکەن".
 
خوێندن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش تەنیا قوتابیانی پۆلی 12 دەخوێنن، جگە لە دوو قوتابخانە نەبێت کە لە گوندن و بەهۆی مامۆستایانی وانەبێژەوە خوێندن تێیاندا بە گشتی راگیراوە.
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، زیاتر لە شەش هەزار مامۆستای میلاک و 1700 وانەبێژ هەن. پەروەردەی سنوورەکە لەگەڵ هەردوو چین لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی دەست بە خوێندن بکەنەوە و لە 22ـی مانگی رابردووەوە فەرمانی وەزارەییان پێ گەیشتووە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی سووربوونی مامۆستایان لەسەر بایکۆت نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەک وانەبێژان و میلاک، هیچ بڕیارێکمان بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان نەداوە. هەردوو چین ئەنجوومەنی ناڕازیمان هەیە و ئاگاداری یەکترین. هیچ شتێک نییە بۆ شکاندنی بایکۆت، چونکە هیچ مافێکمان بەدەستنەهێناوە. وەک وانەبێژان تەنیا چوار ملیار دینارمان بۆ بەگرێبەستکردنمان پێویستە و حکومەتیش دەتوانێت بیکات، بەڵام نەکراوە".
 
داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمانەی خوارەوەن: 
- پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
- دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
- پێدانی مووچە 30 رۆژ جارێک.
- دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان. 
 
بەشێک لە قوتابییانی 12ـی ئامادەیی ئەمڕۆ لە سلێمانی خۆپێشاندانیان کرد کە دوو داواکاریی سەرەکییان هەبوو، ئەوانیش کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن یان درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن. قوتابییەک بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەو دۆخەوە "باری دەروونیمان زۆر تێكچووە، خۆی کە دەچێتە پۆلی 12، باری دەروونیت تێکدەچێت، ئێستا دوو جار باری دەروونیمان تێکچووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.