یەکێتی: لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هاوڕاین

08-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان  کۆبوونەوە، بەپێی راگەیێندراوێک هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگ دەبێت بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە، تێکچوون، کونسوڵگەریی تورکیا لە هەولێریش دەڵێت"کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بوو."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8-11-2023، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
کۆبوونەوەکەی ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی و تورکیا لە کاتێکدایە لە نیسانی 2023ـەوە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا  گرژیی تێکەوتووە، تورکیا، یەکێتی بە پشتیوانیکردن و رێگەخۆشکردن بۆ چەکداران و ئەندامانی پەکەکە، تۆمەتبار دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان." گفتوگۆکراوە. 
 
هەروەها هاتووە، "لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ماوەیەکە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە، جگە لە بەرپرسانی یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە.
 
کونسوڵخانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، (توویتەری پێشوو)  لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نووسیویەتی، "لەگەڵ بەڕێز دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد. کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بوو. سوپاس بۆ پێشوازی گەرم و میواندۆستی بەڕێزیان."
 
3ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راگرت؛ دواتر کۆمپانیاکە بڕیاریدا تاوەکو 03-07 -2023 گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی رابگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە دواتر درێژکرایەوە.
 
رۆژی دووشەممە 03-07-2023 سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی سلێمانی تورکیش ئێرلاین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێگەی ئیمەیڵەوە ئاگادارکراونەتەوە کە تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردووەتەوە. 
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023 سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە، رایگەیاند، "لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی 'رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە' لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بڕیارە دراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی دووشەممە، 10-4-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ موتلو توکا، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت کۆبووەنەوە و کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بووە یەکێک لە تەوەرەکان بووە. رۆژی سێشەممەش 11-4-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان چووە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەو کاتی تورکیا (میت) کۆبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.

لە کەرکووک شەش کارمەندی کورد بەهۆی پۆستێکی فەیسبووک سزادەدرێن

شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.