تورکیا راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو سەرەتای 2024 درێژکردەوە

03-07-2023
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەرکان عەلی و نازەنین گۆران

تورکیا راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردەوە. ئۆفیسی هەولێری کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین دەڵێت، "کۆمپانیاکەمان پابەندی بڕیارەکەیە و تاوەکو سەرەتای ساڵی 2024 گەشتەکانمان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە رادەگرین."
 
رۆژی دووشەممە 03-07-2023 سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی سلێمانی تورکیش ئێرلاین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێگەی ئیمەیڵەوە ئاگادارکراونەتەوە کە تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردووەتەوە. 
 
ئۆفیسی هەولێری کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیاکەمان پابەندی بڕیارەکەیە و گەشتەکانی لە سلێمانییەوە و بۆ سلێمانی تاوەکو ساڵی نوێ رادەگرێت."
 
هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو بڕیار هەن بۆ درێژکردنەوەی راگرتنی گەشتەکانی وڵاتی تورکیا لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەویش بڕیاری حکومەتی تورکیا و کۆمپانیای تورکش ئێرلاینە، تاوەکو کاژێر 2:30 خولەک هیچ بڕیارێکمان لەلایەن هەردوولاوە بەدەست نەگەیشتووە."

هەندرێن هیوا دەڵێت: "بڕیارە کەمێکی دیکە کۆمپانیای تورکش ئێرلاین نووسراوی فەرمیمان بۆ بنێرن کە گەشتەکانیان تاوەکو ساڵی نوێ راگرتووە و چاوەڕوانین جارێ هیچمان بەدەست نەگەیشتووە، وەک حکومەتی تورکیاش پێشینیی دەکەین تاوەکو پێش 10ـی ئەم مانگە لەبارەی بڕیارەکە و وردەکاری و دروستی ئاگادارمان بکەنەوە."

لەبارەی زیانە مادییەکانی راگرتنی گەشتەکان، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی، "لە ماوەی ئەو سێ مانگەی گەشتەکان راگیرابوون زیاتر لە 3.5 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە و لەبارەی ئەو چەند مانگەی داهاتووش هێشتا دیار نییە."
 
3ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راگرت؛ دواتر کۆمپانیاکە بڕیاریدا تاوەکو 03-07 کە ئەمڕۆ دەکات گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی رابگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە ئەمڕۆ درێژکرایەوە.
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023 سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی رایگەیاند، "لە سێی نیسانەوە ئاسمانی تورکیا بە رووی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی عێراقەوە گەشت دەکەن."
 
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەش، تانژو بیلگیچ رایگەیاندووە: "لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی 'رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە' لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بڕیارە دراوە."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 180 نووسینگە و بریکاری گەشتیاری هەن کە رۆژانە ریکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتەکان لە مانگی نیسان بەشێک لەوانیش ریکلامەکانیان راگرت. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی دووشەممە 10-4-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ موتلو توکا، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت کۆبووەنەوە و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بووە بۆ ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن و دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکەی جیهان و هەروەها ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەکانی جیهانەوە دەچنە فڕۆکەخانەی سلێمانی. 
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی سێشەممە 11-4-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان چووە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەو کاتی تورکیا (میت) کۆبووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی بەنداوی تشرین لە ساڵی 2019. وێنە: رووداو

هەسەدە شەڕی بەنداوی تشرین دەباتە ئەوبەری رووباری فورات

بەنداوەکە کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام توانای گشتی 600 مێگاوات بووە. ئێستا بەهۆی راوەستانی کار لە بەنداوەکە و ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە، 15 رۆژە کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان بێ کارەبان.